داوای دەستگیرکردنی بکەرانی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کۆرمۆر دەکات

ژووری هەواڵ

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرۆمۆر بکات و بکەرانی دەستگیر بکات.

ئەمڕۆ هەینی 26.1.2024، وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر کێڵگەى گازیى کۆرمۆر دەکات و داواش لە حکومەتى عێراق دەکات لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکات.

لە راگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران تۆمەتباردەکات بە ئەنجامدانی هێرشەکە و دەڵێت، زیانی بە ژێرخانی مەدەنی و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزە گەیاندووە لە تەواوی هەرێمی کوردستان.

“لەپاڵ هاوبەشەکانمان لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەوەستین لەدژی ئەم کارە تێکدەرانە و بێمانایانە، داواش لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەین لێکۆڵینەوە بکەن و ئەو کەسانە بدرێنە دادگا کە بەرپرسیارن”، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وا دەڵێت.

دەشڵێت، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی لە سەروەری و ئاسایشی عێراق.