د.لەنجە سامی حەمید پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون
“ئەوانەی منداڵی بلوریان داناوە نابێت بەرۆژوو بن”
964+
جێگر مەحمود
ژنانی دووگیان و شیردەر لە مانگی رەمەزاندا پێویستە چۆن رۆژوو بگرن، ئایا راگرتنی سوڕی مانگانە لە رێگای دەرمانەوە بۆ ئەوەی رۆژوو بگرن تەندروستە، د.لەنجە سامی حەمید پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون لە پۆدکاستی تەندروستی رەمەزان وەڵامدەداتەوە.
مانگی رەمەزان دەرفەتە بۆ نزیکبوونەوە لە خودا، بەڵام بۆ ژنانی دووگیان و شیردەر، پێویستی بە ئاگاداری و پلاندانانی زیاتر هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و کۆرپەکانیان، د. لەجنە سامی دەڵێت، بە شێوەیەکی گشتی رۆژوو گرتن کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی ژنان، بەڵام لە ژنێکەوە بۆ ژنێکی تر جیاوازی و بۆ هەندێکیان ئاساییە و دەتوانن، بە پێچەوانەوە بۆ هەندێکیان تەندروست نییە.
ئەو ژنانەی دەتوانن رۆژوو بگرن، پێویستە ئاگاداری تەندروستیان بن و خۆیان ماندوو نەکەن، لە کاتی بەربانگ و پارشێودا، خۆراکی تەندروست و پڕ وزە بخۆن، بە نمونە کاربۆهیدراتی ئاڵۆز، پڕۆتین، چەورییە تەندروستەکان، میوە و سەوزە، هاوکات بڕی پێویست ئاو بخواتەوە.
بۆ خانمانی شیردەریش رەچاوکردنی رێنماییەکان گرنگە لەرووی تەندروستییەوە، چونکە شیردان وزەیەکی زۆر بەکاردەهێنێت، بۆیە دەبێت دڵنیا بێت لەوەی بڕی پێویست لە ئاو و شلەمەنییە تەندروستەکان دەخواتەوە.
دەربارەی راگرتنی سوڕی مانگانە لە رەمەزاندا پزیشکی پسپۆڕ وتی، باشترە بەکارینەهێنن، چونکە دووچاری تێکچونی هۆرمۆنات دەبن، ئەو دایکانەی منداڵی بلوری دادەنێن لە رەمەزاندا واباشترە رۆژوو نەگرن.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح