کچەکەى پرسیارێکى سەیرى لێکردووە
نیشتیمان کەمال بۆ 964: پێش راپەڕین کتێبمان دەستاودەست دەکرد
964+
هێژا عەباس
نیشتیمان کەمال، چالاکوانی سیاسی و مافی ئافرەتان، لە پەراوێزی پێشانگەی کتێبی کوردیدا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964، تیشکی خستە سەر جیاوازییەکانی بارودۆخی کتێبخانەی کوردی و ئاستی خوێندنەوە لە نێوان پێش راپەڕینی 1991 و قۆناغی ئێستادا.
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەردەمی پێش راپەڕیندا، کتێبی کوردی و چاپەمەنی بە رادەیەک دەگمەن بووە کە خەڵک تامەزرۆی یەک دێڕی کوردی بوون. وتیشی: “کاتێک کتێبێک بە کوردی دەردەچوو، بەهۆی کەمییەوە دەستاودەستی پێدەکرا بۆ ئەوەی هەمووان بیخوێننەوە. بۆ نموونە کاتێک کتێبی (ژیانی لەدایکبوونێکی نوێ)ـی هەڤاڵ کوێستانی دەرچوو، بەهۆی سادەیی زمانەکەی و رەهەندە پەروەردەیی و جێندەرییەکەیەوە، چوار جار خوێندمەوە.”
نیشتیمان کەمال نیگەرانی خۆی لە دۆخی ئێستای خوێندنەوە و رۆشنبیری کۆمەڵگە دەربڕی و رایگەیاند، سەرەڕای زۆربوونی کتێب، بەڵام هونەر لە زۆری و کڕین و تەنانەت لە خودی خوێندنەوەی کتێبیشدا نییە، بەڵکو هونەر لەوەدایە کە ئەوەی دەیخوێنینەوە ببێتە رەفتار، تێگەیشتن و چۆنێتی مامەڵەکردن لە ژیانی رۆژانەماندا.
ئەو باسى لە پرسیارێکى کچەکەى کرد کە لە پێشەنگاکە لێى کردووە و وتى،”کچەکەم وتوویەتى هەموو خەڵک کتێب دەکڕێت ئەى بۆ رۆشنبیر نابن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح
.