ئاسەواری فلێكسەكانی هەڵبژاردنە

ژمارەیەك بڕغو لە جادەی پۆزەكەی سلێمانی مەترسی دروست كردووە

964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە جادەی پۆزەكەی سلێمانی، بڕغوی فلێكسەكانی هەڵبژاردن گرفتی پەڕینەوەی بۆ پیادەڕەوانی شەقامەكە دروست كردووە.
بڕغوەكان لە ناوەندی شاقامەكە جێگیركراون، بە درێژای جادەى به‌ختیاری كه‌ به‌ (پۆزه‌كه‌ ناودێر كراوه‌) هەر لە دەستپێكی شەقامەكە لە تەلاری هونەرەوە تا دەگاتە شاری جوان، نزیكەی 600 بڕغو جێگیركراون و دوای هەڵبژاردن لێنەكراونەتەوە.
لە بارەی مەترسی ئەو بڕغوانە لە شەقامەكە، تەها سۆڵەیی دانیشتووی گەڕەكی بەختیارییە و یه‌كێك له‌ بڕغووه‌كانیش چووه‌ به‌ قاچیدا، بە 964ـی وت، نزیكەی 26 ساڵە ماڵمان لەسەر ئەو شەقامەیە و زۆرجار پیادەڕەویی پێدا دەكەین، لە دوای هەڵبژاردنەوە ئەو بڕغوانەیان بەجێهێشتووە و مەترسی بۆ پیادەڕەوانی شەقامەكە دروست كردووە.
وتیشی، “مه‌ترسییه‌كه‌ بە تایبەتى بۆ منداڵان و بەتەمەنەكانه‌، چونكه‌ زۆرجاران لە شەواندا نابیندرێت و لە كاتی پەڕینەوە زەحمەتی بۆ خەڵكی دروستكردووە”.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی قەرەباڵغی شەقامەكەوە مەترسی زۆرى دروستكردووه‌، بۆیه‌ پێی باشه‌ زووتر لاببردرێن.
لە بارەی ئەو گرفتەی جادەی پۆزەكە، زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی وت، ئه‌وان لە شارەوانیی سلێمانی سەرقاڵییان زۆرە، فریای ئەو وردەكارییانە ناكەون و هیچ هاوڵاتیەكیش لەو گرفتە ئاگاداری نەكردوونەتەوە.
وتیشی “سبەی بەدواداچوونی بۆ دەكەین و دەچینە شوێنی بڕغوەكان، هەرچیمان پێبكرێت لە بەرژەوەندی خەڵكی درێغی ناكەین و بڕغوەكانیش لەشەقامەكە لادەبەین”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

پردێکی پەڕینەوەی پیادە لە هەولێر دروست دەکرێت

پردێکی پەڕینەوەی پیادە لە هەولێر دروست دەکرێت

دانیشتووانى گوندێک خۆیان پردى پەڕینەوەیان دروستکردوو...

دانیشتووانى گوندێک خۆیان پردى پەڕینەوەیان دروستکردووە