"تەحەدا دەکەین و ملمان لە موو باریکترە"
جوتیارانی هەڵەبجە و شارەزوور نایانهەوێ لە ئێرانەوە شووتی هاوردە بکرێ
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
جوتیارانی هەڵەبجە و شارەزوور نایانهەوێ لە ئێرانەوە شووتی هاوردەی کوردستان بکرێ، بۆ ئەوەی شووتییەکی خۆیان پارە بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20.9.2026 بەشێک لەو جوتیارانە لە بەردەم بینای پارێزگای هەڵەبجە گردبوونەوە و قسەیان بۆ مایکی 964 کرد، ئەوان دەڵێن، “ئەگەر لە مەرزی پەروێزخانەوە شووتی ئێرانی داخڵ نەکرێت، بەرهەمەکەی خۆمان بەزایە ناچێت و لە بازاڕدا دەفرۆشڕێ”.
عومەر شاتوانی دەڵێت، “نامانهەوێ شووتی لەسەر هاوڵاتیان گران ببێ، کیلۆی 400 بۆ 500 دینار بکات، ئیستفادەی خۆمان دەکەین”.
ئەو جوتیارانە تەحەدا دەکەن و دەڵێن، “با بە هەموو شێوەیەک پشکنین بۆ شووتی و بەرهەمەکانمان بکرێ، ئەگەر یەک زەڕە دەرمانی تێدابوو، ملمان لە موو باریکترە و ئامادەین بۆ هەموو لێپرسینەوەیەک”.
ئەوان دەنگیان خۆیان گەیاندە لای نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە و دەڵێن، موحافز بەڵێنی پێداون کێشەکەیان چارەسەر بکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری