سەعاتی سفر
نهێنییە نەدرکێنراوەکانی 11ی سێپتەمبەر؛ هەڵە کوشندەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا
ژووری هەواڵ
لە بەرنامەی “سەعاتی سفر” ئەمجارەیان عەقید سەلام نهێنییەکان و هەڵە هەواڵگرییەکانی 11ی سێپتەمبەر ئاشکرا دەکات، رۆڵی رێکخراوی قاعیدە، هەڵە کوشندەکانی هەواڵگریی ئەمریکا و هۆکاری دواکەوتنی فڕۆکە جەنگییەکانی خستەڕوو.
عەقید سەلام ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کارەساتەی جیهانی هەژاند لەلایەن 19 ئەندامی رێکخراوی قاعیدەوە ئەنجامدرا، کە پێشتریش هەوڵی تەقاندنەوەی تاوەرەکان درابوو، لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هەڵەی کەناڵی سی ئێن ئێن و شکستە ئەمنییەکانی ئەمریکا لەو رۆژەدا، کە بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەیەک تەواوی ژیانی ئاسایی لەو وڵاتە بوەستێت و سەرۆکی ئەمریکاش راستەوخۆ بگوازرێتەوە بۆ ئاسمان.
سەبارەت بە ئەنجام و لێکەوتەکانی رووداوەکە، روونی کردەوە کە دواکەوتنی فڕۆکە جەنگییەکان شکستی گەورەی سیستەمی بەرگری بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا بووە هۆی گۆڕانکاریی ریشەیی لە رێوشوێنە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەکان و دیاریکردنی ئەرکی نوێ بۆ ئەفسەرە نهێنییەکانی ناو فڕۆکە مەدەنییەکان تاوەکو رێگری لە دووبارەبوونەوەی تێکدانی ئەمنی لە ئاسماندا بگرن.