لە سنووری سلێمانی

بۆ یادی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە 50 کەو ئازادکران

شۆڕش قادری

لەژێر دروشمی “هەڵەبجە لەیاد ناکەین” و بۆ یادی پێنج هەزار شەهیدی کیمیاباران، 50 کەو لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئازاد کران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 16.3.2025 لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە و ژمارەیەک لە ئەفسەرانیان، 50 کەو بۆ رۆحی پاکی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە ئازاد کراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، وەک زۆربەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەی کوردستان، کارمەندەکانیان بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە، چەند خولەکێک بەبێ دەنگی وەستاون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی راشیگەیاندووە، ئەو 50 کەوە لەلایەن شەریف رەسول سەفرەیی ئامادە کراون و سوپاسی ئەو هاوڵاتییە دەکات.