کەس دووبارەى نەکاتەوە
ئەو شاخەوانەى ڤیدیۆى “مین”ـەکەى کردبوو داواى لێبوردن دەکات
وریا فەتاح
ئەو شاخەوانەى لەچەند رۆژى رابردوودا، لە لوتکەى حەسارى سەکران مینێکى هەڵگرتەوە و ڤیدى کرد، داواى لێبوردن دەکات و دەڵێت: مەترسیدارە کەس دووبارەى نەکاتەوە.
شاخەوانەکە لە روونکردنەوەیەکدا کە پەیجى گشتیىدەزگاى کاروبارى مین بڵاوى کردووەتەوە، دەڵێت: گەشتى شاخەوانیمان دەکرد بۆ لوتکەى حەسارى سەکران، بەڵام لە کاتى سەرکەوتن و لە نزیک رێنوە بەفرێک مینێکم دۆزییەوە و هەڵمگرتەوە و خستمە ژێر بەردێکى گەورە تا نەبێتە مەترسى.
شاخەوانەکە هەڵگرتنەوەى مینەکەى ڤیدیۆ کردووە و بڵاوى کردووەتەوە، هەرچەند ئەو وەک هۆشیارى و ئاگادارى ئەو کارەى کردووە، بەڵام بەپێى یاسا ئەو کارە رێگەپێدراو نییە، چونکە مەترسى لەسەرە.
هەربۆیە ئەو شاخەوانە، وێراى داواى لێبوردن لەو کارەى کردویەتى، دەشڵێت: هیوادارم کەس دووبارەى نەکاتەوە.
بڕیاریشە لە رۆژانى داهاتوودا، شاخەوانەکە لەگەڵ تیمەکانى هەڵگرتنەوەى مین بچنەوە شوێنەکە و مینەکە هەڵبگرنەوە و مەترسییەکەى نەهێڵن.