"78 کەسیش برینداربوون"

تەندروستی ئێران: لە هێرشەکانی ئەمریکا 14 کەس کوژراون

شۆڕش قادری

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت، لە هێرشەکانی دوو شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی باشووری ئەو وڵاتە، 14 کەس کوژراون و 78 کەسی دیکەش برینداربوون.

حسێن کرمانپوور بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، “لە کاتی ئاگربەستدا و رۆژانی 7 و 8ـی ئەم مانگە ئەمریکا پێنج پارێزگای وڵاتەکەمانی کردە ئامانجی هێرشەکانی، بەهۆیانەوە تا ئێستا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 78 کەسی دیکەش برینداربوون”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، 47 کەس لە بریندارەکان هێشتا لە نەخۆشخانە ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

لە دوو شەوی رابردوودا ئەمریکا شارەکانی بەندەرعەباس و بوشەهر و سیرک و چابەهار و جاسک و چەند بەندەرێکی دیکەی لە باشووری ئێران بۆردومان کرد، تاران ئەو هێرشانە بە پێشێلکردنی ئاگربەست دەزانێ و واشنتنیش دەڵێت، لەو وەڵامی هێرش کردنەسەر چەند کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز ئەو هێرشانەیان ئەنجام داوە.