ئێوارەى دوێنێ

دوای شەش رۆژ لە رفاندنی؛ جوتیارە کوردەکەی پردێ ئازاد کرا


کاروان ساڵحی – کەرکوک

هەردی زەینەڵ، ئەو جوتیارە کوردەی گوندی قەزنەفەری سەر بە ناحیەی پردێ کە شەش رۆژ لەمەوبەر لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنرابوو، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناحیەی پردێ بە 964ـی وت، شەوی رابردوو ئەو جوتیارە کوردە لە نزیک گوندی گەڵۆزی سەر بە ناحیەی پردێ ئازاد کراوە، دەستبەجێش لە بنکەی پۆلیسی پردێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا نازانرێت ئایا ئەو جوتیارە بەرامبەر بە بڕێک پارە ئازاد کراوە یان نا، بەڵام زۆربەی ئەو جوتیارە کوردانەی لە ساڵانی رابردوودا لە سنووری پردێ رفێنراون، دواتر بە پێدانی پارە و رێککەوتن ئازاد کراون.

هەردی زەینەڵ، لەدایکبووی ساڵی 1989ـیە و خەڵکی گوندی قەزنەفەرە، باوکی چوار منداڵە و ئێوارەی رۆژی هەینیی رابردوو لە کاتی ئاودانی کێڵگەی گەنمەشامییەکەی، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنرا.

رۆژێک دوای رووداوەکەش، هێزە عێراقییەکان و کەسوکارەکەی دوای گەڕان و پشکنینی ناوچەکە، تەنیا ئۆتۆمبێلەکەیان لە نزیک گوندی کتکە دۆزییەوە، تا ئەوەی ئێوارەی دوێنێ بە سەلامەتی گەڕایەوە ناو کەسوکارەکەی.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح