"قاچێکم نییە و حەماڵی دەکەم"
خاوەن پێداویستی تایبەتە و خێزانێکی هەشت کەسی بەخێو دەکات
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
هاوڵاتییەکی شاری سلێمانی ساڵی 1992 کەوتووەتە سەر مین و قاچێکی لەدەستداوە، بەو حاڵەشەوە حەماڵی دەکات و رزقی حەڵاڵ بۆ خۆی و خێزانە هەشت کەسییەکەی پەیدا دەکات.
سالار محەمەد ئەمین لەکاتی وەرگرتنی موچەی کەمئەندامییەکەی بە 964ـی وت، “کرێچیم و رەوشی ژیانمان تابڵەی خراپە، سێ مانگیشە کرێ خانووم نەداوە و ساحەب خانووەکەم پێیوتووم ئەگەر کرێت پێنادرێ، چۆڵی بکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەشت سەر خێزانن و کچێکی نەخۆشیان لە ماڵەوە هەیە، بۆیە ناچارە حەماڵی بکا و رۆژانە پێنج بۆ حەوت هەزار دینار بە مەرگەسات پەیدا دەکات.
بەقسەی خۆی، سالار محەمەد ئەمین ساڵی 1992 لە پێنجوێن کەوتووەتە سەر مین و قاچێکی لەدەستداوە، ئێستاش تەنها 150 هەزار دینار موچەی کەمئەندامی وەردەگرێت، ئەویش 60 بۆ 70 رۆژ جارێک وەریدەگرێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری