دیمەنی خۆڵ و خاشاک قەسرێ وێنە: سۆشیاڵ میدیا
موچەكانیان كەمكراتەوە و كارناكەن
پاککەرەوەکانی قەسرێ ناحیەکەیان بێ ناز کردووە
964+
ئاکام غەفور-سۆران
ماوەی دوو رۆژە کارمەندانی پاکكەرەوەی قەسرێ مانیان گرتوە و ئامادە نین زبڵ و خاشاکی قەسرێ هەڵبگرنەوە، بەهۆی ئەوەی موچەكانیان کەمکراوەتەوە.
کارمەندانی ژینگەپارێز کێشەکەیان ئەوەیە، موچەیان کەمکراوەتەوە، بە جۆرێک ئەوانەی موچەیان 475 هەزارە، کراوە بە 400 هەزار دینار و ئەوانەشی کە موچەکەیان 350 هەزار بووە، کراوە بە 300 هەزار دینار، سەرۆکی شارەواندی قەسرێش دەڵێت، “ئێمە لەگەڵ کارمەندانی پاککەرەوین و بە کەمکردنەوەی موچەکەنیان رازیی نین”.
ئەحمەد برایم، سەرۆکی شارەوانیی قەسرێ، بۆ 964 وتی، ماوەی دوو رۆژە تەواوی کارمەند و شۆفێرانی پاککەرەوە لە قەسرێ بەهۆی کەمکردنەوەی موچەکانیان مانیان لە کارکردن گرتووە، کە ئەو کۆمپانیای ئەرکی فڕێدانی زبڵ و خاشاکی سنوورەکەی لە ئەستۆیە، پارەی کارمەندەکانی کەمکردووەتەوە.
وتیشی، لە کەمکردنەوەی موچەکانیان پرس بە ئێمە نەکراوە، بەڵام لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر خەتین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و کارمەندانی پاککەرەوە لەسەر حەقن و ئێمە پشتگیری ئەوان دەکەین، رازییش نابین بە کەمکردنەوەی موچەکەیان لەلایەن کۆمپانیاکەوە.
ناحیەی قەسرێ دەکەوێتە سنووری قەزای چۆمان، بە وتەی شارەوانیی ناحیەکە، نزیکەی 20 کارمەند ئەرکی پاککردنەوەی ناحیەکیان لە ئەستۆیە، سەرچاوەیەکیش لە کۆمپانیای هیزڵ و باڵ، کە ئەرکی خاوێنکردنەوەی سنووری ئیدارەی سۆرانی لە ئەستۆیە، دەڵێت، هۆکاری کەمکردنەوەی موچەی ئەو کارمەندانە، زۆریی ژمارەی کارمەندەکانە و کۆمپانیا ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە دابین بکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا