لە سۆران کەتنەکەی کردووە

بەفێڵ کارتی بانکیی لە موچەخۆران وەرگرتووە و پارەکانیانی راکێشاوە

شۆڕش قادری

موچەخۆران ئاگاداری ئەم فێڵە بن، کەسێک لە سۆران لەکاتی هاتنی موچە، چووەتە بەردەم ئەی تی ئێمەکان و بە فێڵ کارتی بانکی لە موچەخۆران و فەرمانبەران وەرگرتووە و پارەکانیانی بۆ خۆی راکێشاوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران رۆژی 19ـی ئەم مانگە هاوڵاتییەک، سکاڵایەکی لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران تۆمار کردووە لەسەر ئەوەی لە کاتی سەردانیکردنی یەکێک لە ئامێرەکانی راکێشانی پارەی بانکی (ATM)  لە شاری سۆران، بۆ وەرگرتنی موچەی پێشمەرگایەتی، کەسێک بە بیانووی شارەزایی لە راکێشانی پارە، کارتی بانکییەکەی لێ وەرگرتووە و بە بیانووی نەبوونی پارە لە ئامێرەکە، کارتەکە و ژمارەی نهێنییەکەی گەڕاندووەتەوە، بەڵام لە راستیدا کارتی بانکییەکی تری پێداوە کە پێشتر بە هەمان شێوە لە هاوڵاتییەکی تری شاری سۆران وەریگرتووە، دواتریش موچەی سکاڵاکارەکەی بەو کارتە راکێشاوە و بردوویەتی.

دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە و کردنەوەی پەڕاوێکی لێکۆڵینەوە، بە ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە، مەفرەزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران دەستیان بە بەدواداچوون کردووە و توانیویانە لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە ناوی (ا.ا.ح) دەستنیشان بکەن، دواتر بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، دەستگیر کراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تۆمەتبار دانی بە ئەنجامدانی تاوانەکەدا ناوە و ئاشکرای کردووە کە مەبەستی ئەوە بووە بە هەمان شێوە موچەی چەند هاوڵاتییەکی تریش رابکێشێت. هەروەها، لە کاتی دەستگیرکردنیدا چەند کارتێکی بانکیی هاوڵاتیانی تریش لەگەڵیدا دەستیان بەسەردا گیراوە.

تۆمەتبار لە ئێستادا بە پێی مادەی (456)ی یاسای سزادان ڕاگیراوە و ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەری بەردەوامن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی (ATM، وریایی تەواو بەکاربهێنن و کارتی بانکی و ژمارەی نهێنییەکانیان بە هیچ کەسێک نەسپێرن، هەروەها، داوا لەو هاوڵاتییانە دەکات کە تووشی حاڵەتێکی لەم شێوەیە بوون، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران بکەن و سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن.