"مادەی 77ـی له‌ یاسای بودجەی عێراق رێگره‌"

بەغدا گواستنەوەی میلاكی مامۆستایانی خوێندنی كوردی رەتكردەوە

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزارەتی پەروەردى هەرێم رایگەیاند، به‌غدا ئه‌و داواكارییه‌ى مامۆستایانى خوێندنى كوردى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ داواى گواستنه‌وه‌ى میلاكیان كردبوو بۆسه‌ر په‌روه‌رده‌ى عێراق.

وه‌زاره‌ته‌كه‌، چەند جارێك لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی عێراق كۆبونەتەوە بە مەبەستی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ، بەڵام شاندی حکومەتی عێراقی پێیان راگەیاندون کە رێگری یاسایی هەیە و ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزارەتەكەیان بە مەبەستی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ، چەند جارێک سەردان و کۆبونەوەیان له‌گه‌ڵیاندا ئەنجامداوە، به‌ڵام ره‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ به‌و بیانووه‌ى كه‌ بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراق، رێگری یاسایی هەیە بۆ گوستنه‌وه‌یان.

رێگری یاساییه‌كه‌ كه‌ باسیان كردووه‌، بە گوێرەی ماددەی 77ـی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵه‌ و ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن، ده‌شڵێت، ئه‌وانیش ئەم رێگرییە یاساییەیان لە کۆنوسێكدا واژۆکردوە و ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کراوە.

بە گوێرەی داتاكانی وەزارەتی پەروەردە، لە كەركوك 535 قوتابخانە، 32 باخچەی ساوایان بە زمانی كوردی دەخوێنن، لە ناوچە جێناكۆكەكانیش زیاتر لە  113 هەزار قوتابی‌ و حەوت هەزار مامۆستا و کارمەندی هەیە، ژمارەی کارمەنده‌كان هەزار و 100 كه‌س و  ژمارەی مامۆستای سەرەتایی سێ هەزار و 200 و ژمارەی مامۆستای دواناوەندییش دوو هەزار و 700 مامۆستان.