كەمپی كەورگۆسک
سەگ پەلاماری منداڵێکی دا و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە کەمپی کەورگۆسکی ناحیەی کەورگۆسک کە تایبەتە بە پەنابەرانی سوری، سەگێک پەلاماری منداڵێکی 10 ساڵانی دا و بە سەختی برینداری کردووە.
کەسێکی نزیکی منداڵەکە بە 964ـی، وت، کەسێک لە نێو کەمپەکەوە ئاگاداری کردوونەتەوە، کە یەکێک لە منداڵانی خزمێکیان سەگ پەلاماری داوە، منداڵەکە تەمەنی 10 ساڵانە و نەخۆشی دەروونی هەیە.
وتیشی، منداڵەکە لە ژێر سیمی کەمپەکە چووەتە دەرەوە و سەگ پەلاماری داوە، ئێستا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی هەولێر کراوە، باوکی منداڵەکەش ئێستا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە”.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا بە 964ـی وت، ”منداڵەکە دۆخی تەندروستی باش نییە و لە ژێر چاودێری پزیشکەدایە و خوێنی زۆر لێ رۆیشتووە، ئێستا جگە لە وەرگرتنی دەرمانی پێویست خوێنیشمان بۆ دابین کردووە و خوێن وەردەگرێت.
رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی، 7.3.2025 کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ روویداوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا