لە ناڵپارێز هاوڵاتییەک بە یەک پیکاب داری بڕاوەوە دەستگیر کرا - وێنە: پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
لە رەمەزاندا سێ تەوەربەدەست دەستگیرکراون
لە ناڵپارێز هاوڵاتییەک بە یەک پیکاب داری بڕاوەوە دەستگیر کرا
964+
شۆڕش قادری
داربڕەکان لە رەمەزانیشدا واز لە سروشت ناهێنن و لەم مانگەدا سێ تەوربەدەست لە سنووری سلێمانی دەستگیر کراون، کە یەکێکیان ئەمڕۆ لە ناڵپارێز و بە یەک پیکاب دارەوە گیرا.
هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ چوارشەممە 5.3.2025 لەلایەن مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناڵپارێزەوە، لە سنووری گوندی رەزڵە، هاوڵاتییەک دەستگیر کرا کە یەک پیکاب داری سروشتی بڕیبوو، ئۆتۆمبێلەکە و دارە بڕاوەکان دەستیان بەسەرداگیرا”.
ئاماژەی بەوەش کرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار کراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.
بە قسەی هێمن کەمەرخان، لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە تا ئەمڕۆ سێ داربڕ و حەوت راوچی لە سنووری سلێمانی دەستگیر کراون.