هەواڵەکانى ئەمڕۆ
بەهای دۆلار زیاتر دابەزی و 60 تۆن گۆشتی سووری بەستووی هاوردەکراویش دەستی بەسەرداگیرا
ژووری هەواڵ
بەهای دۆلاری ئەمریكی ئەمڕۆ زیاتر داشكا و بەرامبەر دیناری عێراقی نرخی بە خێرایی دابەزی، بە جۆرێك 100 دۆلار بووەتە 146 هەزار و 500 دینار.
پەیامنێری 964 خۆی گەیاندە بازاڕی دۆلاری هەولێر و کەیفی خۆشناوی وتەبێژی بازاڕەكەی دواند، ئەویش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دیناری بۆ سەقامگیری عێراق و خستنەڕووی دۆلاری زۆر لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق گەڕاندەوە.
رەمەزانە و هەندێك بازرگانی بێ ویژدان فرسەتیان لێ هێناوە و دەیانەوێت كاڵای بەسەرچوو بەسەر هاوڵاتیان ساغ بكەنەوە، ئەوەتا لە سلێمانی 60 تۆن گۆشتی سووری بەستووی هاوردەکراو، دەستی بەسەرداگیرا کە ماوەبەسەرچوو بووە و شیاو نەبووە بۆ خواردن، خاوەنی گۆشتەکە ویستوویەتی لە مانگی رەمەزاندا لە بازاڕ ساغی بکاتەوە.
لە شاری کەرکوک 450 پرۆژە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەست بە کارەکانیان کراوە، بەڵام فایدەی نییە، چونكە بەهۆی ئەوەی بودجە نەگەیشتووە، ئێستا 400 پرۆژە راگیراون.
زیاتر لە مانگێکە لەسەر رێگای خێرای باشماخ و سایدی چوون بۆ دەروازەکە، تانکەر و بارهەڵگر بە درێژایی ئەو 10 کیلۆمەترە وەستاون و 964 ویستی بزانی ئەو مەسەلە چییە.