"دوو دونیایی جیاواز تێكەڵی یەك كراوە"

ماڵی نەنە بردرایە هەولێر و بینەران منداڵە عەجولەکانیان بینی

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

فلیمی سینەمایی ماڵی نەنە، كە فیلمێكی خێزانی و كۆمیدیە ئەمڕۆ لە هەولێر نمایشکردنی دەستپێکرد، منداڵان هەمیشە لەماڵی نەنە عەجولی زۆر دەكەن، فیلمەكە گێرانەوەی ئەو عەجولی و مامەڵەی باپیر و داپیرەیە لە گەڵیان.

وێنەگرتنی فیلمی ماڵی نەنە ماوەی دوو مانگ و نیوی خایاندووە، چەند نواندنکارێکی ئەزمووندار و نوێ بەشدارییان تێدا کردووە، ئەم فیلمە حەوتەمین بەرهەمی کۆمپانیای (میترۆنۆم پرۆدەکشن)ـە .

هونەرمەند سیروان جەمال، كە رۆلی بابە گەورەی هەیە بە 964ی وت، سوپاسی 964 دەکەم، لە هەولێر و سلێمانی هاتە حەوشەی ماڵی نەنە، تێكەڵكردنی دوو دونیایی جیاواز بوو، ئێستا بەرهەمی باش هەیە، بەڵام هێشتا هەنگاومان نەناوە بۆ ئەوەی لەرێگەی سینەماوە ئامانجەكان بەدەست بهێنین.

فلیمی ماڵی نەنە، لە دەرهێنانی محەمەد مستەفایە،  ئێستا لە سینەماكانی هەولێر، كەركوك، سلێمانی، دهۆك و كەلار دەستی بەنمایش كردووە و ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت.

دکتۆر هەڵوێست، کە زیاتر خەڵک بە هەواڵ و چیرۆک گێڕانەوەکانی لە سۆشیال میدیا ئاشنانە وە رۆڵی باوكی منداڵە عەجولەكانی هەیە بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێ، من هەمیشە لەكارەكەی خۆم كە دكتۆرییە زۆرترین بەركەوتەم لەگەڵ منداڵانە، جیاواز لەوەی هەواڵ بۆ گەنج و گەورەکان دەگێڕمەوە، بۆیە وتم با كارێكی تایبەتیشم هەبێت بۆ منداڵان.

لە فیلەمەکەدا باپیرەی منداڵەکان کە وێنەکێشە، بۆ تەواوکردنی کارە هونەرییەکانی پێویستی بە کەشێکی زۆر هێمن هەیە، بەڵام هەبوونی سێ منداڵ لە ماڵەکەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە و رووداوی کۆمیدی.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا