هۆکار چییە؟

ئەمبەر و ئەوبەری رێگای باشماخ پڕ بووە لە تانکەر و بارهەڵگر

کامیار کەمال- پێنجوێن

زیاتر لە مانگێکە لەسەر رێگای خێرای باشماخ و سایدی چوون بۆ دەروازەکە، تانکەر و بارهەڵگر بە درێژایی ئەو 10 کیلۆمەترە وەستاون و 964 چەند هۆکارێکی دەست کەوتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە 964ـی راگەیاند، هۆکاری ئەو قەرەباڵغییەی سەر رێگاکە ئەوەیە کە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرقاڵی دروستکردنی شوێنێکن بۆ راگرتنی بارهەڵگر و ئەوەش وای کردووە، دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاریان داوە بارهەڵگری کەمتر لە رۆژانی رابردوو وەربگرن.

وتیشی، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە کۆمپانیایەکی وەرگرتنی سووتەمەنی کارەکانی راگرتووە و ئەو کۆمپانیاش خاوەنی ساحەیەک بووە بۆ راگرتنی تانکەر و ئێستا وەستاوە و ساحەکەش داخراوە.

ئەو سەرچاوە وتیشی، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە، بارهەڵگری مەرزەکانی دیکە بە بارەوە دەگەڕێنەوە بۆ باشماخ، کە پێیان دەوترێت ترانزێت و لە رووی یاساییشەوە ناتواندرێت رێگری لێ بکرێت و ئەوەش سێيەم هۆکارە بۆ دروستبوونی قەرەباڵغی لە سەر رێگای خێرای باشماخ.

وەستانی بارهەڵگرەکان، چەندین رووداوی هاتووچۆی لێ کەوتووەتەوە و لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا دوو رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و مانگی رابردووش، شۆفێری یەکێک لە بارهەڵگرەکان ئۆتۆمبێل لێیدا و قاچێکی شکاند.

پێداچوونەوە: هاوبەش