"خەڵک ناخەینە ئەزیەت و هیچ مەراسیمێکی بۆ ساز ناکەین"
ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی ژنە تاقانەکەی بەرنامەی بەرنامە تێپەڕی
شۆڕش قادری
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەرکۆچی دوایی ژنە تاقانەکەی بەرنامەی بەرنامەدا تێدەپەڕێت و کچەکەشی دەڵێت، خەڵک ناخەنە ئەزیەت و ئەمساڵ هیچ مەراسیمێکی بۆ ساز ناکەن.
نەرمین قادر سەر لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 5.8.2025 پاش ماوەیەکی زۆر لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد و کچ و کوڕێکی لەدوای خۆی جێهێشت.
لۆلان ئازاد کچی ئەو هونەرمەندە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، “تا ئێستا هیچ دامەزراوە و لایەنێک پێی رانەگەیاندووین کە بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی دایکم، مەراسیم ساز بکات”.
“وەک خێزانی هونەرمەند نەرمین قادر ئێمەیش، هیچ کەس و ئەزیزێک ناخەینە ئەرک و ماندوبوونەوە و هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نادەین، تکامان وایە هیچ ئەزیزێک ئەرک نەکێشێت بەم بارودۆخی گەرما و بێ موچەیی و گرانی بەنزین و هاتوچۆیە، نامانەوێت هیچ کەسێک بخەینە ئەرک و ماندوبوونەوە”، لۆلان ئازاد وادەڵێت.
نەرمین قادر لە ساڵی 1962 لە سلێمانی لەدایکبووە، نزیکەی 40 ساڵی تەمەنی بەخشیە هونەری کوردی و یەکەم دەرکەوتنی لە ساڵی 1975 لە شانۆییەک بوو، کە هەم رۆڵی دەگێرا و هەم گۆرانی دەوت، بە تاقە ژنە پاڵەوانەکەی بەرنامەی بەرنامە ناسرابوو، هاوسەرەکەی لە ساڵی 1994 گیانی لەدەستداوە.