عێراق زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ لێده‌دات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌رگری شارستانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، سبه‌ی زه‌نگی ئاگه‌داركردنه‌وه‌ وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ له‌ به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ لێده‌دات.

راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی به‌رگریی شارستانی له‌ به‌غدا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8ـی شوبات، به‌ تۆڕی 964ی راگه‌یاند، وه‌ك جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی وه‌زیری ناوخۆی عێراق، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ كاتژمێر 11:00ی پێش نیوه‌ڕۆ به‌ شێوه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ و بۆ یه‌كجار، زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ له‌ شاری به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ش لێده‌درێت.

به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌ ئه‌وه‌یان دووپاتكرده‌وه‌، كاره‌كه‌ ته‌نیا بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌.

هاتنه‌پێشی ئه‌و خۆئاماده‌كردنه‌ی عێراق بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی زه‌نگی ئاگه‌داركردنه‌وه‌، دوای ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌ دێت، كه‌ دووشه‌ممه‌ی رابردوو له‌ توركیا و سووریای دا و له‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراقیش هه‌ستی پێكرا.

له‌ ساڵانی پێشوو، له‌ كاتی جه‌نگی عێراق – ئێران، هه‌روه‌ها عێراق -ئه‌مریكا، زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌، كه‌ ده‌نگێكی زۆر به‌رزی هه‌یه‌، له‌ هه‌موو شاره‌كانی عێراق له‌ كاتی هێرشی فڕۆكه‌ و مووشه‌كه‌كان لێده‌درا.