لەناو بازاڕ قەسابخانە و تەنەکەچى دراوسێن

پێنجوێن تا ئێستا ناوچەی پیشەسازی نییە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

لە پێنجوێن ئاسنگەرەکان لە کۆڵان و تەنەکەچییەکانیش ناو جەرگەی بازاڕیان گرتووە و سەرقاڵی کاری رۆژانەیانن، نەبوونی ناوچەیەکی پیشەسازیش ژینگەى بازاڕەکەى تێکداوە.

کاوە عەبدوڵا، خۆی پیشەوەرە و سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەوەرانی پێنجوێنە، بە 964ـی وت،”بەهۆی نەبوونی ناوچەیەکی پیشەسازییەوە لە پێنجوێن، پیشەوەران پەرشوبڵاوبوونەتەوە و لە کۆڵان و بازاڕەکان کار دەکەن”.

وتیشی،”هاوڵاتییان بەدەست پیشەوەری گەڕەکەکان بێزار بوونەو  نەبوونی دووکان و جێگای پێویستیش پیشەوەرەکانی ناچار کردووە بچنە ناو کۆڵانەکان و تەنیا دابینکردنی ناوچەیەکی پیشەسازی کێشەکان چارەسەر دەکات”.

عومەر ئەحمەد، هاوڵاتییەکە و ماڵیان لە گەڕەکى پێنجوێنی سەرەوەیە و دەڵێت، ماڵەکەی لە نێوان دوو ئاسنگەردایە و ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخی خانووەکەی و تەقەتەقی ئاسنگەرەکان، سەرئێشەی بۆ دروستکردوون.

” دەبێت ناوچەیەکی پیشەسازی هەبێت بۆ ئەوەی هەموو پیشەوەران کۆببنەوە لە جێگایەک، چونکە ناو ماڵەکان جێگای ئەو کارە نییە” فەرمان سابیر هاوڵاتییەکى دیکەی پێنجوێنە و وای بە 964 وت.

964 کێشەکەى بردە شارەوانى پێنجوێن، رەئوف رەشید، سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، شوێنیان بۆ ناوچەی پیشەسازی دابین کردووە، بەڵام رەزامەندی نەدراوە لەسەر شوێنەکە بەهۆی نزیکی لە چەمەوە.

باسى لەوەشکرد، ماوەی سێ ساڵە لە هەوڵدان و چەند جارێک لیژنەیەک هاتوون، کۆتا جار لیژنەکە شوێنەکەی رەتکردووەتەوە، چونکە مەرجەکە ئەوەیە هەزار مەتر لە سنووری دانیشتووان دوور بێت و زیان بە لایەنی ژینگەییش نەگەیەنێت.

بەپێی ئامارێکی قایمقامییەت لە ناو پێنجوێن زیاتر لە 300 پیشەوەر بوونیان هەیە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

موفتی پێنجوێنی دوای 73 ساڵ دەگەڕێتەوە پێنجوێن

موفتی پێنجوێنی دوای 73 ساڵ دەگەڕێتەوە پێنجوێن