هەفتەیەکە رێگای نێوان 30 گوند داخراوە
964+
عەمار عەزیز
رێگای نێوان گوندی گرێگا و ناحیەی کەلەکچی لە سنوری قەزای بەردەڕەش و شێخان، هەفتەیەکە داخراوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی رووباری خازر، کە زیاتر لە 30 گوند هاتوچۆیان لەسەر ئەو رێگایەیە.
عەبدولقەهار کەریم، موختاری گوندی گرێکایە بۆ تۆڕی 964ی باسکرد، کە هەفتەیەکە رێگای سەرەکی نێوان گوندی گرێگا و ناحیەی کەلەکچی بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی رووباری خازر داخراوە، پێش چەند ساڵێک بڕیاربوو پردێک لەسەر رووبارەکە دروستبکرێت، بەڵام تا ئێستا نەکراوە، هەر جارێک ئاستی ئاو بەرزبێتەوە ناتوانین سەردانی ناحیەکە بکەین”.
یونس حەسەن، دانیشتووی گوندی گرێگایە بە تۆڕی 964ی وت، دووری نێوان ئەوان و ناحیەی کەلەکچی تەنها سێ کێلومەترە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی خازر رێگاکە داخراوە، ئێستا ناچارن بە رێگایەکی تر سەردانی کەلەکچی بکەن کە 15 کیلۆمەتر دووریان دەخاتەوە.
دووری نێوان گوندی گرێکا و سەنتەری بەردەڕەش 9 کێلومەترە، لە نێوان گرێگا و کەلەکچی 3 کێلومەترە، زیاتر لە 30 گوند هاتوچۆ لەسەر رێگای گرێگا و کەلەکچی دەکەن،گوندی گرێگا سەر بەقەزای بەردەڕەشە و ناحیەی کەلەکچی دەکەوێتە سنووری قەزای شێخان تەنها رورباری خازر لەنێوانیاندایە.
خەدیجە محەمەد، بەڕێوەبەری رێگاوبان و پرد لە پارێزگای دهۆک بۆ تۆڕی 964 وتی، “لە2013وە دیزاینی درووستکردنی پردێک لە نێوان گوندی گرێگا و ناحیەی کەلەکچی تەواو بووە، بڕیاربوو دروستبکرێت، بەڵام لە 2014وە بەهۆی قەیرانی دارایی و دواتر شەڕی داعش وەستا، ئێستاش دیزاینی پردەکە لەلامان هەیە هەرکاتێک حکومەتی هەرێم بودجەیەکی بۆ تەرخان بکات دەستبەجێ دەست بە دروستکردنی دەکەین”.