"لە دواین دیدار قاچى ماچکرد"

ئامۆزایەکى باسى دەکات؛ نهێنى خۆشەویستى لەتیف هەڵمەت بۆ هاوژینەکەى چییە؟

محەمەد ئەحمەد- سلێمانى

لە دواین دیداردا لەتیف هەڵمەتى شاعیر “قاچى هاوژینەکەى ماچکرد و ماڵئاوایى لیکرد”. ئامۆزایەکى شاعیرەکەش دەڵێت: لەتیف هەڵمەت هەر شاعیرێکى گەورە نەبوو، پیاوێکى بەوەفاش بوو.

دواى 16 ساڵ لە نەخۆشى، بەیانى ئەمڕۆ سورەیا شێخ عەلى بەرزنجى، هاوژینى شاعیرى ناودارى کورد لەتیف هەڵمەت کۆچى دوایى کرد.

محەمەد ساڵح بەرزنجى، ئامۆزاى لەتیف هەڵمەت و پورزاى سورەیا شێخ عەلى، بۆ 964 باس لە نهێنى ژیانیان دەکات و دەڵێت: ئەوان یەکتریان زۆر خۆش دەویست، 16 ساڵە سورەییا تووشى شێرپەنجە بووە، بەڵام لەو ماوەیەدا لەتیف هەڵمەت نمونەى وەفا بووە و خۆى چاى بۆ لێدەنا و خزمەتى دەکرد.

کاتژمێر 5:30 خولەکى ئەم بەیانییە، محەمەد ساڵح دواى ئەوەى هەواڵى مردنى سورەییاى پێدەدەن، دەچێتە ماڵى لەتیف هەڵمەت تا هەواڵەکەى پێبدات و هاوخەمى بێت، ئەویش لەبەردەرگاوە چاوى پێدەکەوێت و پێى دەڵێت،”ها سوڕەیا وەفاتى کرد”.

دواین دیدارى لەتیف هەڵمەت و هاوژینەکەى بە وێنەیەکى پڕ لە سۆز و وەفا کۆتایى دێت، بەر لەوەى بیبەن بۆ گۆڕستان، “قاچى ماچکرد” و ماڵئاوایى لێکرد، وەک محەمەد ساڵح باسى دەکات وێنەى ئەو ساتەى گرتووە.

سورەیا شێخ عەلى، ساڵى 1954 لە گەڕەکى مەڵکەندى شارى سلیمانى لە خانەوادەیەکى ناودارى شارەکە لە دایکبووە و لە ساڵى 1979، لەگەڵ لەتیف هەڵمەتى ئامۆزاى هاوسەرگیریى کردووە، بەڵام لە ساڵى 2010ـەوە سورەیا تووشى شێرپەنجەبووە و بەیانى ئەمڕۆ دواى 16 ساڵ لە نەخۆشى کۆچى دوایى کرد.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح