راوێژكارێكی سودانی

ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێنەكاتەوە عێراق سزانادرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

راوێژکارێكی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە سەبارەت بە سزادانی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە، ئەگەر هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە دەستپێنەکرێتەوە.

فەرهاد عەلائەدین راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە لە لێدوانەکانیدا بۆ رۆیتەرز ئەمڕۆ شەممە 22.2.2025 وتی: عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سزاكانی ئەمریکا ببێتەوە، ئەگەر هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێنەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەم هەواڵانەی لەمبارەیەوە لە میدیاکان باس دەكرێن، راست نین، كە گوایە هەڕەشە هەیە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا، ئەگەر هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێنەکاتەوە”.

“لە هەموو ئەو پەیوەندییانەی کە لەم دواییانەدا لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا كراون، هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەپاندنی سزا و هیچ جۆرە فشارێک لەسەر عێراق نەبووە”، راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق وا دەڵێت.

دوێنێ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئیدارەی ئەمریكا، فشار لە عێراق دەکات بۆ ئەوەی دەستبەجێ نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکاتەوە، ئەگینا وەک ئێران ڕووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.

عێراق بەرەو نەوتی هەرێمی كوردستان جوڵە دەكات

عێراق بەرەو نەوتی هەرێمی كوردستان جوڵە دەكات