2000 مایەڵی بڕی تا گەیشتە رووی دەریا و لەوێش مرد
ماسییەکی رەشی بچووک جیهانی خستە گریان
ژێوار خدر
لە چەند رۆژی رابردوودا لە پێشهاتێکی دەگمەندا ماسییەک لەو جۆرەی کە بە شەیتانی دەریا ناسراوە، لەسەر رووی دەریا لە دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا بینرا و لەلایەن چەند لێکۆڵەرەوەیەکی دەریایی بۆ یەکەمجار ڤیدیۆی لێ تۆمارکرا.
ئەوەی کە وایکردووە دەرکەوتنی ماسییەکە لەسەر رووی دەریادا زۆر دەگمەن بێت، قەبارە و سروشتی ماسیەکەیە، چونکە گەشت کردن بۆ ئەو ماسییە لە قوڵایی دەریاوە بۆ سەر رووی دەریا گەشتێکی سەختە و دەبێتە هۆی مردنی ماسییەکە.
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لە پڵاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و کۆمەڵێک خەڵکی زۆر بەتایبەت لە تیکتۆک بە گریانەوە ڤیدیۆکەیان بڵاودەکردەوە و باسی بوێری ئەم ماسیەیان دەکرد و بە هێمای خۆراگری و بەرگەگرتن ناویان دەبرد.