باڵەخانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق _ وێنە: ماڵپەڕی دادگای فیدراڵی
"پێشتر چارەسەر کراوە"
دادگای فیدراڵی سکاڵای چوار جوتیاری کوردی کەرکوکی رەتکردەوە
964+
ژووری هەواڵ
دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵای چوار جوتیاری کوردی کەرکوکی رەتکردەوە کە داوایانکردبوو بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕش لەبارەی خاوەنداریتیی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە هەڵبوەشێندرێنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19.2.2025، دادگای فیدراڵیی عێراق لە بڕیارێکیدا لەبارەی سکاڵای چوار جوتیاری کوردی کەرکوک رایگەیاند، پێشتر بە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و هەڵوشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵاى شوڕشى حیزبی بەعس، ئەو پرسە چارەسەرکراوە، بەوپێیەی یاساکە لە رۆژنامەی فەرمیدا بە ژمارە 4814 لە 17ـی شوباتی 2025 بڵاوکراوەتەوە.
سکاڵای جوتیارەکان لەدژی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکرابوو و تیایدا داواکرابوو، بە نادەستووریی بوونی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵاى شوڕشی بەعسى هەڵوەشاوە لەساڵی 1976، سەبارەت بە خاوەندارێتی چەند زەوییەک لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە.
دوێنێ سێشەممە 18.2.2025، وەزارەتی دادی عێراق بڵاوکردنەوەی یاسای باری کەسی و لێبوردنی گشتی و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی بۆ خاوەنەکانیان راگەیاند و وێنەی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوكردەوە، بەمەش بڕیارەكان لەو رۆژەوە كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە.