ناڕازین و گردبوونەوە
تۆنێک گەنمى جوتیارانى کورد و تورکمان بە 250 هەزار
کاروان ساڵحى- کەرکوک
جوتیارانی کورد و تورکمانى کەرکوک لە گوندی تۆپزاوە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، کێشەی سەرەکییان ئەوەیە حکومەت ئامادە نییە گەنمەکانیان لێ وەربگرێت و خەریکە رەنجی ساڵێکیان بەبا دەچێت.
بەپێی رێنماییەکانی حکومەت، وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بە دوو جۆرە، ئەوانەی زەوییەکانیان کێشەی یاسایی نییە و دەکەونە ناو چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی، هەر تۆنێک گەنمیان بە 750 هەزار دینار لێ وەردەگیرێت، بەڵام ئەوانەی کێشەی یاساییان هەیە و پشت بە تاپۆ کۆنەکان دەبەستن، لە دەرەوەی پلان تۆنی بە 500 هەزار دینار لێیان وەردەگیرێت.
ئەوەی بووەتە هۆی نیگەرانی و گردبوونەوەی جوتیارانی کورد و تورکمان لە تۆپزاوە ئەوەیە، دوێنێ بیستوویانە کە نەک هەر لە ناو پلانی کشتوکاڵی، بەڵکو لە دەرەوەی پلانەکەش گەنمەکانیان لێ وەرناگیرێت و بەتەواوی بێبەش کراون.
بە وتەى غازى ئەحمەد کە یەکێک لە جوتیارە کوردەکانە و بۆ 964 قسەى کردووە، ئێستا تۆنێک گەنم بۆ ئەوان 250 هەزار دەکات، لە کاتێکدا 450 هەزار تێچووى هەر تۆنێکە.
دەشڵێت: بەم حاڵەوە نازانین چى بکەین، قەرزدارى کیمیایى و کێلان و دروێنەین، ئەوەش حاڵى گەنمەکەمانەوە و هەموومان رەنجبەخەسار لێى دەردەچین، تەنانەت لە دەرەوەى پلانى کشتوکاڵیش لێمان وەرناگیرێت.
“ماڵوێران بووین، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت دەبێت واز لە کشتوکاڵ بهێنین و بچین ئاو بفرۆشین”، ئەو جوتیارە واى وت.
لەلایەکی دیکەوە، سامی غەفور، کە جوتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە بە 964ـی وت، “ئەوەی هەیە تەنیا کێشەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کورد بە پلان لە ناوچە جێناکۆکەکان دوور بخرێتەوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح