سێ ژمارەى دڵخوازى تابلۆ هەڵەبجە..وێنە: هاتوچۆى هەڵەبجە
10 رۆژى تر
هاتوچۆی هەڵەبجە دوا مۆڵەت دەداتە ئەو کەسانەی فۆڕمی ژمارەی دڵخوازیان وەرگرتووە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە، ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوا لەو کەسانە دەکات کە فۆڕمی ژمارەی دڵخوازی ئۆتۆمبێلیان وەرگرتووە سەردانیان بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارەکان، ئەگەرنا مافی خاوەندارێتییان دەفەوتێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەشی تۆماری هاتوچۆی هەڵەبجە، ئەو هاوڵاتیانەی لە رابردوودا فۆڕمی ژمارەی دڵخوازیان وەرگرتووە بۆ ژمارەکانی (1990 تاوەکو 1999) بە هەر پیت و ژمارەیەکی داواکراو، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکارە یاساییەکانیان لە بەشی تۆمار جێبەجێ نەکردووە و پسوڵە (وەسڵ)ـیان نەبڕیوە، پێویستە بەپەلە سەردانیان بکەن.
هاتوچۆی هەڵەبجە بۆ ئەوەی دەرفەتێکی دیکە بداتە ئەو شۆفێرانە، ماوەی سەردانیکردنەکەی بۆ 10 رۆژ درێژکردووەتەوە و دەڵێت، هاوڵاتیان تاوەکو رۆژی یەکشەممە 19.7.2026 مۆڵەتیان هەیە بچنە بەشی تۆماری هاتوچۆی هەڵەبجە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوە، هەر کەسێک تاوەکو ئەو بەروارە رێکارەکان جێبەجێ نەکات و پارەی ژمارەکە نەدات، ئەوا هیچ مافێکی خاوەندارێتی بەسەر ئەو ژمارەیەوە نامێنێت.