ئێران دراوسێیەو ئەمریکا دۆست

سەرۆکی هەرێم: پێکهێنانی حکومەتی خۆمان نزیکە و رۆڵمان هەبوو براکانمان لە سوریا بپارێزین

964+

ژووری هەواڵ

میوشن ئەم چەند رۆژە شوێنی کۆبوونەوەی سەرکردەو قسە رۆیشتووەکانی جیهان بوو، قسەوباس لەسەر دۆخی ئاسایشی جیهان بوو، سەرۆکی هەرێمیش وەک ساڵانی پێشوو میوانێکی شوێندیاری کۆنفرانسەکە بوو.

ئەمڕۆ و دوو رۆژی رابردوو (14 هەتا 16)ی شوباتی 2025 لە شاری میوشنی ئەڵمانیا شەست و یەکەمین کۆنفراسی ئاسایشی میوشن بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکە سەرکردەکانی جیهان کۆدەبنەوە و قسە لەسەر ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە دەکەن، دنیاش هەمووی تەماشای دەکات، چونکە لەوێ دیدگای زۆربەی وڵاتانی جیهان روون دەبێتەوەو رەنگڕێژی سیاسەتەکانی داهاتوو دەکرێت و لابەلاش سەرکردەکان پێکەوە دادەنیشن و کەشی کاری هاوبەش و پێکەوەیی دەرەخسێنن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ساڵانە بەشداری کۆنفرانسەکە دەکات، ئەمساڵیش لەوێ بوو، بە لە دوو رۆژدا لەگەڵ سەروو 25 سەرکردەو قسە رۆیشتووی جیهان کۆبووەوە و سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت ”کۆبوونەوەی زۆر گرنگ کراون”.

ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی هەرێم میدیاکانی کۆکردەوەو پێی وتن چی کراوەو قسەیان لەسەر چی کردووەو وتی ”بۆ ئێمە وەك هەرێمى كوردستان هەموو جارێك بەشداریكردن لەم كۆنفرانسانەدا دەرفەتێكە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە گفتوگۆیەكی جددی بكەین لەسەر پێشهاتەكانی جیهان بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەتی لە ناوچەی ئێمە ئەوەی كە پەیوەنديی بە هەرێمی كوردستان، عێراق و بە ناوچەكەوە هەیە. دەرفەتێكە بۆ ئێمە دوور لە پرۆتۆكۆڵی تۆزێك ئەستەم، بتوانین لە دوو ڕۆژدا خەڵكێكی زۆر ببینین و بیروبۆچوونی خۆمان وەك هەرێمی كوردستان بۆ بەشداربوونی كۆنفرانسەكە باس بكەین”.

ئەمە گرنگترین قسەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بوو لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە:

– شاندی هەردوو لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا لە گفتوگۆیەكی جددیدان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.. گەشبینین كە لە ماوەیەكی نزیكدا بگەین بە ئەنجام.
– سەردانی شاندی ئیمرالی، ئەمڕۆ لە هەولێرن و ئێستا سەرۆك بارزانییان دیوە، منیش سبه‌ى بەیانی لە هەولێر دەیانبینم. ئەمانە بێگومان بە پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هاتوون بۆ هەولێر، لەوێشەوە دەچن بۆ سلێمانی. بێگومان چاوەڕوان دەكەین بزانین پەیامەكەیان چ پەیامێكە. لەو بڕوایەداین پەیامی ئاشتی بێت، بۆ سەقامگیری بێت بۆ توركیا.

– بانگهێشتى جەنابی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكامان كردووە بۆ ئەوەی تەشریف بهێنێتە عێراق و لە رێوڕه‌سمى كردنەوەی كونسوڵخانەی نوێی ئەمەریكادا لە هەولێر بەشدار بێت.

– سەبارەت بە دۆخی سوریا: رێنوێنيی ئێمەش ئەو قسانەی كە لەگەڵ برا كوردەكانمان كردووە، دوو سێ شتی زۆر دیاریكراوە، يەكەم شت پێمان گوتوون دەبێت ئێوە بە یەكگرتوویی بچنە دیمەشق. ئەزموونی ئێمە لە هەرێمی كوردستان كە بەیەكەوە چووينە بەغدا، ئەزموونێكی زۆر سەركەوتوو بوو دوای ساڵی 2003. خۆتان بە خاوەنی سووریاى نوێ ببینن. چاوەڕێی ئەوە مەكەن لە دیمەشقەوە بانگهێشت بكرێن، ئێوە خۆتان بكەن بە خاوەنی سووریای نوێ. ئەم سووریایە سووریای ئێوەیە، دیمەشق پایتەختی ئێوەیە. قسەی ئێمە بۆ ئەوان ئەوە بووە بە زووترین كات لەناو پرۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدار بن.

– پێموایە هەموو لایەكمان لە ناوچەكەدا چ لە ئەوروپا و چ لە ناوچەكەماندا، پێویستە پێشوازی لە قسەكان و دەستپێشخەرییەكانی سەرۆكی ئەمەریكا بكەین، چونكە ئەوەی كە جەنابی سەرۆك ترامپ گوتوویەتی، ئەو دەڵێت ئێمە هاتووين بۆ ئەوەی كۆتایی بە جەنگەكان بهێنین و ئاشتی بەرقەرار بكەین.

– هەست دەكەم توركیا زۆر بە جددی هەوڵ دەدات پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە ببات و هەموو شتێك لەسەر ئەم شاندەی (دەم پارتی) دەمێنێتەوە، ئەوانەی كە هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو بانگەوازەی كە بڕیار وایە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ماوەیەكی نزیكدا بیكات، كە من پێشبینی دەكەم تا كۆتایی ئەم مانگە ئەو بانگەوازە دەربچێت. هیوادارین و سروشتی ئەم كێشەیە ئەوە نییە كە بە توندگەری و چەك و جەنگ چارەسەر بكرێت، سروشتی كێشەكە ئەوەیە لەڕووی سیاسییەوە و بە ئاشتی چارەسەر بكرێت.

– ئەوەی كە پەیوەندیی بە برایانی ئێمەوه‌ لە سووریا هەیە، بەڵێ خۆمان هەستمان بەو بەرپرسیاريه‌تییە كردووە، هەر لە رۆژی یەكەمیشەوە هەستمان كردووە، هەوڵێكی جددیشمان داوە بۆ ئەوەی هیچ پێشهاتێكی ناخۆش لەناو سووریا دروست نەبێت و یەكەم ئەولەویەتی ئێمە ئەوە بووە چۆن برایانی خۆمان لەوێ بپارێزین، پێموایە تا ڕادەیەكیش لەو سیاسەتەدا سەركەوتوو بووین، بە سوپاسەوە توركیاش بە ڕاستی یارمەتیدەر بووە لەو پرسەدا و سوپاسیان دەكەین.
– ئەمڕۆ دەبینین لە عێراق سوپاس بۆ خوا دۆخەكە باشترە. دەبینین لە لایەنی ئابوورییەوە باشترە و پرۆژە هەیە. لێرە كاتێك پرسیاریان لێ كردم و دەیانگوت كێشەی ئێستای عێراق چییە؟ گوتم گەورەترین كێشەی عێراق ئەمڕۆ لە بەغدا ترافیكی ئۆتۆمبیلە. ئەمە گەورەترین كێشەیە ئێستا. ئەمە جێی دڵخۆشییە كە وردە وردە عێراقێك دەبینین كە گەلی عێراق شایستەی ژیانێكی باشترە.

– دەبینین سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سوپاسەوە هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. ئەمڕۆ پێكەوە وەك یەك تیم كار دەكەین نەك وەك دوو لایەن.

– هیوادارین رۆژێكی زوو بێت و پەنا بە خوا جارێكی دیكە بتوانین سەردانی گەلی خۆمان لە قامیشلی و حەلەب و عەفرین و ئەو جێیانە بكەین.

– بێگومان پەیوەندییەكانمان وەك هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، پەیوەندیی باشن. ئێران دراوسێی ئێمەیە.