بارانی بەهاری و هەورە تریشقە چەند ناوچەیەک دەگرێتەوە

چەترەکانتان ئامادە بکەن؛ باران میوانی سەیرانەکانتانە

ژێوار خدر

ئەگەر ئەمڕۆ پلانی سەیران و چوونە دەرەوەتان هەیە، باشتر وایە چەترەکانتان لەگەڵ خۆتان ببەن، چونکە باران و هەورە تریشقە میوانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمن و رەنگە بارانی بەهاری کەمێک پلانەکانتان بگۆڕێت.

بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بومەلەرزەزانی و کەشناسی سلێمانی، بۆ ئەمڕۆ هەینی 10.4.2026 پلەکانی گەرما بە 1 تا 3 پلە بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوی دوێنێ، ئاسمانیش لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواودا دەبێت و ئەگەری بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان هەیە، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر، دهۆک، ئیدارەی سۆران و راپەرین کە هەندێک کات هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت.

بۆ سبەی شەممە 11.4.2026 پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و کەشوهەوا بەردەوام دەبێت لە ناسەقامگیری، کەشناسی دەڵێت ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت و لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە ئەگەری بارانی بەهاری و گەواڵە بارانی کورتخایەن لە ناوچە جیاجیاکان هەیە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ:
هەولێر: 22 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی

دهۆک: 20 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 22 پلەی سیلیزی
سۆران: 15 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 25 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 21 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 9 پلەی سیلیزی

پیرمام: 18 پلەی سیلیزی