تابلۆ کێشەکە: سێ مانگ خۆم شاردەوە

تابلۆی بەخشراوەکانی خانەقین سوڵحیشی تێ کەوتووە

ڕاژان باجەڵان – خانەقین

تابلۆی بەخشراوەکانی خانەقین، گەرچی بووە بە بەشێک لە مێژووی شارەکە، بەڵام تازە بە تازە وێنەکێشەکەی ئاشکرای دەکات، کە گۆبەنێکی بۆ ناوەتەوە و بەهۆی هەڕەشەی بەشێک لە بەخشراوەکانەوە، سێ مانگ خۆی شاردووەتەوە.

تابلۆکە مێژوویەکی جیاواز هەیە بەهۆکاری ئەوەی ژمارەیەک لە بەخشراوەکان و کەسوکاریان سکاڵایان لەسەر وێنەکێشەکە تۆمار کردووە، کە وێنەی 24 بەخشرای تێدا کێشراوە و خەڵک بە “شێتەکانی خانەقین” ناوی دەبەن، کە رۆژانە لە ناوبازاڕ و شوێنە گشتییەکان بینراون.

ئەوە جگە لەوەی وەک مێژووی شارەکە کەم نین ئەو کەسانەی پاڵپشتی بیرۆکەی هونەرمەندەکە دەکەن، بەڵام تابلۆکە نیگەرانی لەلای بەشێک لە بەخشراوەکان دروست کردووە لە ماوەی رابردوودا.

ماجد شالیار بۆ 964ی گێرایەوە، ئەو تابلۆیە، لە ساڵی 1996-ەوە دەستی بە کێشانی کردووە و پاش ساڵێک لە 1997 تەواو بووە، تیایدا کۆپری گەورەی خانەقین دەرکەوتووە و لە بەردەمیدا ژمارەیەک لە بەخشراوەکانی خانەقین پاڵکەوتوون، لەسەر پردەکەش قەرەباڵەغییەکی زۆر هەیە، ئەوانە خەڵکی خانەقینن و ئەو بەخشراوانەیان خۆشدەوێ و وەستاون بە دیارییانەوە.

پاش تەواوبوونی تابلۆکە و بڵاوبوونەوەی وێنەکە لەناو خەڵک، رووداوێکی جیاواز روودەدات ژمارەیەک لە بەخشراوەکان، دەرگای ماڵی هونەرمەندەکەیان بە بەرد و دار گرتووە، ئەوان لە هزری خۆیان تابلۆکەیان بێ خراپ بووە، بەشێکیان بە هاوکاری کەسوکاریان سکاڵایان تۆمار کردووە لای پۆلیس، بەڵام دواتر کە تێگەشتن لەسەر بیرۆکەی کارەکە دروست بووە، لە ماوەی رابردوو بە سوڵح نێوەندگیری هەردوولا کراوە.

ماجد وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، ماوەی سێ مانگ خۆی شاردووەتەوە تا بەخشراوەکان زەبری پێ نەگەیەنن، یەکێک لە بەخشراوەکانیش 21 دیناری لێ سەندووە، و پێی وتووە، “ئێستا تەعادول بووینەوە”.

ئەو تابلۆیە ئێستا لە مۆزەخانەی خانەقین دانراوە و رۆژانە خەڵکی خانەقین و میوانەکانی شارەکە دەیبینن، وە بەهۆی ئەو بیرۆکەیەوە، کێشە و گرفتەکانی بەخشراوەکان لە تابلۆیەکدا کۆکراوەتەوە و بووە بە شاکاری هونەرمەند ماجد شالیار.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا