لە سلێمانی
بەهۆی لێچوونی غازەوە هەشت ئەندامی خێزانێک لەهۆشخۆیان چوون
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
كەمێك لەمەوبەر، لە گەڕەكی دارۆغای سلێمانی هەشت ئەندامی خێزانێك بەهۆی لێچوونی غازەوە، تووشی لە هۆشچوون بوون و یەكێكیان رەوانەی نەخۆشخانەی شار كراوە.
سامان نادر، بەرپرسی سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی بە 964ـی وت، نزیکەی کاتژمێرێک لەمەوبەر لەگەڕەكی دارۆغای سلێمانی، خێزانێكی هەشت كەسی بەهۆی لێچوونی بوتڵی غازی ماڵەكەیانەوە، تووشی تەنگەنەفەسی و لەهۆشخۆچوون بوون.
وتیشی، تیمی سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی، لە شوێنی رووداوەكە و لەناوماڵەكە فریاگوزاری خێرای بۆ كردوون و چارەسەركراون.
“لەو هەشت ئەندامی خێزانە، چوار كەسیان حاڵیان باش بووە، بەڵام چوار كەسی دیكەیان پێویستیان بەچارەسەر بووە و تیمەكانمان لە ماڵەكە ئەوەی پێویستە بۆیان كردوون، تەنیا یەكێكیان حاڵی باش نەبووە و رەوانەی نەخۆشخانەی شار كراوە” سامان نادر وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە و تەندروستی سەرجەمیان جێگیرە، بەوەی رەوانەی نەخۆشخانەی شاریش كراوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی