دادگای فیدڕالی لە بەغدا
بۆ كەی؟
دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکەی سەرۆک کۆماری لەسەر سودانی و تەیف سامی دواخست
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق كەمێك لەمەوبەر سكاڵای سەرۆك كۆماری عێراق لەتیف رەشیدی لەسەر هەریەكە محەمەد شیاع سودانیی سەرۆك وەزیران و تەیف سامیی وەزیری دارایی بۆ 18ی ئەم مانگە دواخست، كە لەسەر دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئاراستەی دادگاكەی كردبوو.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، یەکشەممەی رابردوو سکاڵایان لەسەر محەمەد شیاع سودانی و تەیف سامی، لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کرد، سەرەڕای ئەرکەکانیان وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی.
سکاڵاکەی سەرۆکایەتی کۆمار، وەک خۆیان ئاماژەیان پێکرد، وەک دامەزراوەیەک بەرامبەر بە رۆڵی سەرۆک وەزیرانی وڵات و وەزیری دارایی تۆمار کراوە.
هاوڕێ تۆفیق، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق و بەرپرسی گشتی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا ئەنجامی دا، یەكشەممەی رابردوو وتی، ناوەڕۆكی سكاڵاكە چەند خاڵێكی سەرەكییە، یەكەمیان داواكراوە دادگای فیدراڵی فەرمانی بەپەلە دەربكات بۆ خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەردەوام و بەبێ راوەستان.
سەرۆکایەتی کۆمار لە سکاڵاکەیدا، داوا دەکات، بابەتە هونەرییەكانی وەك میزانی موراجەعە، وردەكاری و چاودێری كە ئەمانە رێكاری كارگێڕی و هونەرین، نەبنە هۆكارێك بۆ دواخستنی موچە، لەهەمان كاتدا داواكراوە لەلایەن دادگاوە ئەنجومەنی نوێنەران پابەند بكرێت بە هەمواركردنی (مادەی 12/بڕگەی ج) لە یاسای بودجەی فیدڕاڵی كە تایبەتە، بە تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت بۆ هەرێمی كوردستان.