وەک مۆنۆمێنتێک
ئیمپایەر یادەوەری ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی لە باوەش دەگرێت
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەوە کەلوپەلانەی لە یادەوەری هێرشەکەی سەر ماڵی سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی ماونەتەوە، وەک مۆنۆمێنتێکی یادگاری لێ کراوە و 10 رۆژێکی دیکە لەناو پڕۆژەی ئیمپایەر لە هەولێر پەردەی لەسەر لادەبرێ.
ئەوەی لەبارەی رووداوەکەوە دەتەوێ بیزانی:
رووداوەکە: شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، نزیکەی کاتژمێر 11:30خولەکی شەو، ماڵی پێشڕەو دزەیی لە هەولێر بە چەند مووشەکێک کرایە ئامانج.
قوربانییەکان: لە هێرشەکەدا پێشڕەو دزەیی، کچەکەی ژینا، میوانێک و کارگوزارێکی ماڵەکە گیانیان لەدەستدا، هاوژینی دزەیی و دوو منداڵی دیکەشی بریندار بوون.
پێشڕەو دزەیی کێ بوو؟ دزەیی سەرمایەدار و خاوەنی کۆمپانیای ئیمپایەر و گرووپی فاڵکۆن بوو و لە هەولێر چالاکییەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەی هەبوو.
بۆچی ئامانج گیرا؟ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو کە دزەیی پەیوەندی بە دەزگایەکی ئیسرائیلییەوە هەبوو، بەڵام کەسوکاری دزەیی و لایەنەکانی هەرێم ئەو تۆمەتانەیان هەرزوو رەتکردەوە.
وەڵامی هەرێم: لایەنەکانی حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق وتوویانە شوێنی ئامانجگیراو خانوویەکی سڤیل و شوێنی نیشتەجێبوون بووە، نەک بنکەیەکی سەربازی یان هەواڵگری.
دوای هێرشەکە: تیمەکانی بەرگری شارستانی چەند رۆژێک بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای تەرمی کارگوزارە فلیپینییەکە، چونکە خانووەکە بە تەواوی زیانی پێگەیشتبوو.
بابەتەکە بووە کێشەیەکی سیاسی و نێودەوڵەتی: هێرشەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی بەرفراوان محکوم کرا و پەرلەمان و حکومەتی عێراق لەبارەیەوە لێکۆڵینەوەیان کرد.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا