"گومان دەکرێت گۆشتفرۆش ویستبێتی تێکەڵیان بکات و ساغی بکاتەوە"
گوێرەکەیەکی سەربڕاو و 184 کیلۆ گۆشتی هندی لە ماڵێکدا دەستی بەسەرداگیرا
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لە سلێمانی گۆشتفرۆشێک گوێرەکەیەکی لەناو ماڵەکەی سەربڕی، لیژنەکانی قایمقامیەت پێیانزانی، جگە لە گۆشتی گوێرەکەکە دەستیان بەسەر 184 کیلۆ گۆشتی بەستووی هندی قەدەغەکراو لەناو ماڵەکەدا گرت و لەناویان برد، چونکە گومان دەکەن، گۆشتفرۆش ویستبێتی تێکەڵیان بکات و لەناو بازاڕ ساغی بکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 11.2.2025 گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ی وت، “بەپێی زانیارییەكی پێشوەختە لەلایەن ئاسایشی سەرچنارەوە، توانیمان دەستبگرین بەسەر 184 كیلۆ گۆشتی هندی بەستوو و گوێرەكەیەكی سەربڕاو، لەناو ماڵێکدا و دوور لە رێنماییەكانی ڤێتەرنەری، كە گومان دەكەین خاوەن ماڵەکە ویستبێتی گۆشتە فرێشەكە و هندییەكە تێكەڵی یەكتری بكات و لە بازاڕدا ساغی بكاتەوە”.
“خاوەن ماڵەکە دوکانی گۆشتفرۆشی هەیە، بۆیە دوكانەکەی دادەخرێت و گۆشتەكەش لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری سلێمانی لەناودەبرێت، خۆیشی رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە”، گۆران قادر وای وت.
فریاد عوسمان لە لیژنەی ڤێتەرنەری سلێمانی بە 964ی وت، بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، لە ساڵی 2005ـەوە گۆشتی هندی بەستوو قەدەغە كراوە و دەرناچێت لەپشكنین.
هاوکات ئازاد نەبی لە لیژنەی تەندروستی سلێمانی وتی، “ئەو گۆشتە هندییە بەهیچ جۆرێك شیاوی خواردن نییە، چونکە رێژەیەكی زۆر لە ماددەی پاراستنی تێدایە كە هۆكاری سەرەكییە بۆ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری