
دۆناڵد ترەمپ 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا
ترەمپ بۆ حەماس:
“تا شەممە بارمتەکان ئازاد بکەن ئەگینا بە ئیسرائیل دەڵێم دەرگاى دۆزەختان بەڕوودا بکاتەوە”
964+
وریا فەتاح
دۆناڵد ترەمپ، هەڕەشەى توند لە بزوتنەوەى حەماس دەکات و دەڵێت، ئەگەر تا شەممە، سەرجەم بارمتەکان ئازاد نەکەن بە ئیسرائیل دەڵێت ئاگربەست هەڵبوەشێنێتەوە و دەرگاى دۆزەختان لێبکاتەوە.
حەماس تێدەگات مەبەستم چییە لە کردنەوەى دەرگاى دۆزەخ
حەماس ئیسرائیلى بە شکاندنى ئاگربەست تۆمەتبار کردووە، هەر بۆیە هەڕەشەى دواخستنى ئازادکردنى بارمتەکانى کردووە.
ئەم هەڕەشەیە ترەمپى بێحەواس کردووە و بە توندى پەیامێکى بۆ حەماس ناردووە و دەڵێت،”ئەگەر تا رۆژى شەممە سەرجەم بارمتەکان ئازاد نەکەن، بە ئیسرائیل دەڵێم دەرگاى دۆزەخ بەڕووتاندا بکاتەوە”.
ئەو هەڕەشەیەى ترەمپ دواى ئەوە هات، وتەبێژى باڵى چەکدارى حەماس، وتبوى،” ئەو بارمتانەى بڕیار بوو رۆژى شەممە ئازاد بکرێن دوادەخرێن بۆ کاتێکى تر، تا ئەو کاتەى ئیسرائیل پابەند دەبێت بە ئاگربەست”.
هەڕەشەکانى ترەمپ حەماسى ترساندووە، لە راگەیەنراوێکى دواتردا پاساو بۆ قسەکانى وتەبێژەکەیان دەهێننەوە و دەڵێن،”هێشتا دەرفەت ماوە بۆ ئازادکردنەکە، ئەوەى وتروە هۆشدارییە بۆ ئیسرائیل و مەبەست لێى دروستکردنى فشار بووە بۆ ئەوەى بە تەواوى رێز لە مەرجەکانى ئاگربەست بگرێت”.
هەڕەشەکانى ترەمپ لە حەماس، جوڵەى بە سووپاى ئیسرائیل کردووە و بە وتەى وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل، سوپاى وڵاتەکەى راسپاردووە لە بەرزترین ئاستى ئامادەباشیدابن و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەبکەن.
هەروەک هەنگاوەکەى حەماسى بە پێشێلکردنى تەواوەتى رێککەوتنى ئاگربەست، وێناکردووە.
ترەمپ لە هەڕەشەکەیدا جەختى لەوە کردووەتەوە کە دوا دەرفەت بۆ ئازادکردنى سەرجەم بارمتەکان، کاتژمێر 12ـى رۆژى شەممەیە، بە پێچەوانەوە ئاگربەست هەڵدەوەشێتەوە و دەرگاى دۆزەخ دەکرێتەوە.
ترەمپ باسى لەوەشکردووە، حەماس تێدەگات مەبەستم چییە لە کردنەوەى دەرگاى دۆزەخ.