له‌ سلێمانی دژی به‌هه‌رێمكردنی شاره‌كه‌ گردبوونه‌وه‌یه‌

“دژی پارچه‌پارچه‌كردنی كوردستانین”

دیلان محه‌مه‌دجه‌زا – سلێمانی

ئه‌م ئێواره‌یه‌ی دووشه‌ممه‌ 16.11.2026 له‌ باخی گشتیدا چین و توێژه‌كانی سلێمانی گردبوونه‌وه‌ و داوا ده‌كه‌ن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هه‌رێم نه‌كرێن و دژی ئه‌م كاره‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌.

ئه‌مه‌ی جێی سه‌یر و سه‌رنجه‌، گردبوونه‌وه‌كه‌ له‌ باخی گشتییه‌ و به‌ ته‌نیشت ئه‌وانیشه‌وه‌ له‌ ژێر كه‌پرێكدا هەر لە باخەکە، واژۆ بۆ به‌هه‌رێمكردنی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌.

ره‌حمان غه‌ریب رۆژنامه‌نووس و رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ به‌ 964ی وت، ململانێی حزبه‌ گه‌وره‌كان هانی خه‌ڵک ده‌ده‌ن به‌ره‌و جیابوونه‌وه‌ و پارچه‌پارچه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئیراده‌یه‌كی تر هه‌یه‌ نایه‌وێت كوردستان دابه‌ش بێت.

وتیشی، “داخوازی خه‌ڵك بۆ ژیانێكی باشتر و پێداویستییه‌كان له‌ بابه‌ته‌ سیاسییه‌كان له‌پێشتره و پێویستە بیر لە ژیان و گوزەرانی خەڵک بکرێتەوە”.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند رووبار خالید به‌ حه‌ماسێكی زۆره‌وه‌ بۆ 964 ده‌ڵێت “به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ دوو ئیداره‌ییدا نین”.

وتیشی، “چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر بوو هاوارمان ده‌كرد یه‌كه‌ یه‌كه‌ كوردستان یه‌كه‌، بۆیه‌ ئێستاش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی هه‌ر هه‌وڵێك ده‌وه‌ستینه‌وه‌ كوردستان پارچه‌ بكات”.

ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی واژۆ كۆكردنه‌وه‌ بۆ به‌هه‌رێمكردنی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام هه‌رزوو له‌ لایه‌ن چین و توێژه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ دژی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌ و گردبوونه‌وه‌یان كرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا