قەرەبووەکەیان بە دڵ نییە
جوتیاران نایانەوێ زەوییەکانیان بدرێ بە فەرمانبەرانی چوارقوڕنە
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
خاوەن زەوییەکانی خوار جۆگای ناحیەی چوارقوڕنە لە سنوری راپەڕین، لە بەردەم ئیدارەی راپەڕین گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داواکارن شارەوانی سنورەکە زەوییەکانیان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش نەکات.
رووبەری زەوییەکان زیاتر لە دوو هەزار دۆنمە و نزیکەی 100 کەس خۆیان بە خاوەنیان دەزانن و دەڵێن، زەوییەکانیان کشتوکاڵین و بژێوییان لەسەر ئەو زەوییانەیە، ئەمە جاری یەکەمیان نیە کە گردبوونەوەی بۆ دەکەن.
خاوەن زەوییەکیش بە 964ی وت، بە تەنیا نرخی زەوییەکەی ئەو 12 دەفتەرە و زۆر زەرەرمەند دەبم.
هێمن مستەفا، خاوەنی یەکێک لەو پارچە زەوییانەیە، رۆژی یەکشەممە 9.2.2025، بە 964ـی وت، من چوار دۆنم زەوی کشتوکاڵیم هەیە لە چوارقوڕنە، زیاتر لە 20 ساڵە ئەم زەوییە بەکاردەهێنم و دەیکەم بە سەوزە و بیری ئاوم لەناویدا لێداوە و خەرجییەکی زۆرم تێدا کردووە.
ئەو زەوییەی هێمن مستەفا، ژیانی سێ ماڵی لەسەرە، کەچی شارەوانی بەنیازە بیدات بە فەرمانبەران، ئەوان دەڵێن ئێمەش رازی نابین، ئەمڕۆ گردبوونەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا لەبەردەم ئیدارەی راپەڕین و داواکار بوون لە شوێنی تر زەوی بدرێت بە فەرمانبەران.
زەوی ئەو جوتیارە بە نموونە، نرخەکەی زیاترە لە 10 دەفتەر دۆلارە، بە بیر و بەیتی پلاستیکەوە زیاتر لە 12 دەفتەر دۆلار لەسەر خاوەنەکەی کەوتووە، شارەوانییش بە زەوییەکی 200 مەتری بەنیازە قەرەبوویان بکاتەوە، لە کاتێکدا ئەم زەویە نرخەکەی ناگاتە 20 وەرەقە.
هێمن مستەفا دەڵێت، ئەوان ژمارەیان نزیکەی 800 جوتیارە، بەهەموویان رووبەری نزیکەی سێ هەزار دۆنم زەوییان هەیە، کە چوار وەرز دەیکەن بە کشتوکاڵ و ژیانیان لەسەر ئەو پیشەیەیە، بۆیە پێیان وایە، زۆر خەسارەتمەند دەبن و بەهیچ جۆرێ رازی نابن.
حەسەن زرار، سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی چوارقوڕنە بە 964ـی وت، کێشەیەک هەیە سەبارەت بە خاوەن زەوییەکانی خوار جۆگای چوارقوڕنە، لە هەوڵی چارەسەرکردنداین بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەر و گرفتەکە چارەسەر ببێت، جارێ ناتوانین زانیاری تر بدەین، کە بڕیار درا و هەردوولا رەزامەند بوون، زانیاری بۆ رای گشتی دەخەینەڕوو.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا