بە فیکەلێدان کۆنترۆڵییان دەکات
بەدەستێک ماسی بەخێو دەکات و بەدەستەکەی تر مار و دووپشک دەگرێت
964+
عەزیز عەبدوڵا- ئاغجەلەر
گەنجێک لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بۆ پاراستنی پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسییەکەی لەدەست مار هەراسانی نەماوە و دەوێت بەهەر رێگایەک بێت دووریان بخاتەوە، تەنانەت بەشێکیشی لێ مۆمیا کردوون.
مارەکان شەوان بەچکەماسیی ناو حەوزەکان دەخۆن و ناهێڵن خاوەن پڕۆژەکە بەرهەمی ماندووبوونەکەی بپچڕێتەوە.
ئالان رەشید، ئەو گەنجەی مارەکانی گرتووە، بە 964ی راگەیاند: “ماوەی چوار ساڵ دەبێت هەستم کردبوو مارێکی زۆر لە دەوری حەوزی ماسییەکانم هەن، بۆیە منیش بەناچاری یان دەبوو بیانکوژم یان دەبوو دووریان بخەمەوە، چونکە زەرەریان بە ماسییەکانم دەگەیاند و دەیانخواردن.
سەبارەت بە شێوازی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێشوازیی خەڵک، ئالان وتی: “دوای ئەوەی دەستم کرد بە مارگرتن، بیرۆکەی کردنەوەی لایڤم بۆ هات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا خەڵکێکی زۆر بەدیارمەوە دادەنیشن و پرسیارم لێدەکەن دەربارەی شارەزابوون لە مار و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵیان.”
ئاماژەی بەوەش کرد: “ئامانجی کردنەوەی لایڤەکانم بۆ خۆشیی خۆمە و شەوی وا هەبووە زیاتر لە هەزار کەس بەدیارمەوە دانیشتووە، جگە لەوەش من زیاتر لە 10 دووپشکی چزوداری رەش و زەردم هەیە، کە بە هەرکەسێکەوە بدەن حەتمەن باری تەندروستیی تێکدەچێت، بەڵام من شارەزام لەگەڵیان و بە منەوە نادەن.”
ئەو گەنجە جەختی کردەوە کە ئەو مار و دووپشکانەی بەخێویان دەکات هەموویان هی خاکی کوردستانن و لێرە گرتوونی یان خەڵک بۆی دێنن، و وتیشی: “کردنەوەی لایڤەکانم بووەتە سەرچاوەیەکی باش بۆ ناسینم. لە دەرەوە زۆر کەس دەستخۆشی و پشتگیریم دەکەن، شەوان تامەزرۆن تا من بێمە لایڤ و بۆ ماوەی پێنج سەعات بەدیارمەوە دادەنیشن.”
سەبارەت بە لایەنی ئابووری و تەندروستیی کارەکەی، ئالان باسی لەوە کرد: “ماوەیەک دەبێت کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەم. وەک بیستوومە دەڵێن دووپشک بۆ لایەنی تەندروستی زۆر باشە؛ هەر دەرزییەک لە چزوەکەی بای 20 گەڵا دەبێت، یانیش ئەگەر کێشی 100 گرام بێت چوار تا پێنج گەڵا دەکات.
گوندی گەڵناغاج دەکەوێتە سنوری ناحیەی ئاغجەلەر لە قەزای چەمچەماڵ. بەهۆی نزیکییان لە زێی بچوک، بژێویی سەرەکیی دانیشتووانەکەی لەسەر بەرهەمهێنانی ماسییە و بەپێی ئامارێکی نافەرمی، زیاتر لە 130 حەوز بە تەنیا لەو گوندەدا هەیە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح