پیر و گەنجن
گروپێک بەماتۆڕی کلاسیک لە هەولێرەوە دەچنە باڵەکایەتی
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
خولیایی لێخوڕینی ماتۆرسكیل تەنیا لەناو گەنجان نییە، ئەوەتا كەسانی بەتەمەنیش حەز بەراگرتن و لێخورینی ماتۆری كلاسیك دەکەن، گروپێكی ماتۆرسوار هەیە كە ژمارەیان 25 كەسە ماوە ماوە بەیەكەوە گەشت دەكەن و دەردەچن.
ئەم ئێوارە بڕیاریان وابوو لە هەولێرەوە بچنە باڵەکایەتی کاتێک پەیامنێری 964 چوو بۆ لایان و هەموویان یادەوەری خۆیان باس دەکرد.
عەلی دەشتی بەرپرسی راگەیاندنی گروپ بۆ 964 باسی لەوەکرد، ماوەیی پێنج ساڵە ئەو گروپەمان داناوە نزیكی 25 ماتۆرین هەموو ئەوانەی ئێرە ئۆتۆمبێلیان هەیە و یادگاریان لەگەڵ ئەم ماتۆرە هەیە، هەمووشی رەقەمی هەیە و بێ كێشەیە وە ماتۆرێكی 1961 مان لایە ناومان لێ ناوە ملبەراز، چونكە سوكانەكەی دەسورێتەوە و بەس لایتەكەی ناسورێ.
وەستا لوقمان حەمەساڵح، ماوەی 34 ساڵە كاری چاكردنەوەی ماتۆرسكیل دەكات و دەرمانە بۆ تیمەکەش بەوەی هەر شتێکیان بشکێ بۆیان چاک دەکاتەوە ئەو بە 964ی وت، ئیشكردن لەم ماتۆرە كلاسیكانە خۆشە، چونكە پێشتریش هەر ئەوانەم چاكردەکردەوە، ساڵی 1995 كەل و پەلی نەبوو ئێستا لە هەموو شوێنێك هەیە.
مام وریا تاهیر هەرچەندە ئۆتۆمبێلیشی هەیە، بەڵام یادگاری لەگەڵ ماتۆر هەیە بە 964ی وت، كە لێی دەخوڕی هەستێكی تایبەتی هەیە ئەوكاتەم بەبیر دێتەوە كە ماستی ئاژەڵم پێ دەهێنایە هەولێر و لەگوندەوە خزمەتی منی كردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا