خاوەنەکەیان خۆی رزگاری کردن
لەو شەش گیسکەی لە چیای بەرانان گیریان خواردبوو تەنیا سیانیان رزگاریان بوو
964+
ژێوار خدر
ئەو گیسکانەی حەوت رۆژ بوو لە چیای بەرانانی دەربەندیخان گیریان خواردبوو رزگارکران، لە شەش دانە تەنیا سێ دانەیان لە ژیاندا ماون، یەکێکیان بەیانی ئەمڕۆ لەسەر شاخەکە کەوتبووە خوارەوە و مردار ببووەوە و پێنج دانەیان مابوونەوە.
عەتا حەمەساڵح کە ئاژەڵدارێکى سنوورى دەربەندیخانە، بە 964ـى وت، لەگەڵ دوو هاوڕێم ئەمڕۆ رۆیشتینە سەر شاخەکە و توانیمان لەو پێنج گیسکەی ماونەتەوە سێ دانەیان رزگار بکەین و دووانیشیان مردار بوونەوە.
وتیشی، بەنیازبووین بەرگریی شارستانی ئاگادار بکەینەوە بۆ ئەوەی هاوکاریمان بکەن لە هێنان خوارەوەی ئاژەڵەکان، بەڵام ئەم دوو هاوکارەم هاتن و خۆمان کارەکەمان ئەنجامدا.
حەوت رۆژ بوو ئەو شەش گیسکە لە چیاى بەرانانى نزیک گوندى فەقێ جنە، لە سنوورى دەربەندیخان گیریان خواردبوو، گوندى فەقێ جنە کەوتووەتە ناحیەى باوەخۆشێن لە قەزاى دەربەندیخان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى.