لەسەر رێگای کەرکوک - بەغدا
لە سێ رۆژدا 30 کەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
رووداوەکانی هاتوچۆ بەردەوام کارەسات دەنێنەوە و تەنیا لە 72 کاتژمێری رابردوودا، هەشت کەس بە رووداوی هاتوچۆ لەسەر رێگای گشتی کەرکوک – بەغدا گیانیان لەدەستداوە و 22 کەسیش برینداربوون.
عەمید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو بە 964ـی وت، “تەنیا لە سێ رۆژدا، بەڕێوەبەرایەتیەکەمان گیانلەدەستدانی هەشت هاوڵاتی بە رووداوی هاتوچۆ تۆمارکردووە کە لە نێویاندا ژن و منداڵیشی تێدایە، 22 کەسیش برینداربوون کە چوار کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە”.
بەقسەی موئەیەد عەباس، خێرایی زۆر و لادانی هەڵە و بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا، هۆکارە سەرەکیی رووداوەکانی هاتوچۆن لەو سنورە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکانی هاتوچۆ لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا لە مانگی دووی ئەمساڵ 15٪ زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی رابردوو لەم کاتەدا.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری