خولی نایابی کوردستان.. دهۆک لەسەر یاریگەی خۆی بە سیروانی نوێ دۆڕا

+964

هێڤی دێوالی- دهۆک

لە خولی نایابی کوردستان یانەی دهۆک لەسەر یاریگە و لەبەردەم جەماوەرەکەیدا لە یانەی سیروانی نوێ دۆرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی شوبات، لە گەڕی 17ـی خولی نایابی کوردستان یانەی دهۆک میوانداری یانەی سیروانی نوێی کرد.

یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی سیراونی نوێ کۆتایی هات، هەر چوار گۆڵی یارییەکەش لە گێمی دووەم تۆمار کران دوای ئەوەی گێمی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.

یاریزان دلوان رۆکان، هەر سێ گۆڵەکەی یانەی سیروانی نوێی تۆمار کرد، لە یاریەکەدا هاتریکی تۆمار کرد، هاوکات یاریزان ئەحمەد شەرەفانی تاکە گۆڵی یانەی دهۆکی تۆمار کرد.

شڤان محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆک بە تۆڕی964ـی وت، ئەگەر دهۆک سەرکەوتنی تۆمار کردبا ئەوا لە ریزبەنیدا پێگەی قایمتر دەبوو.

زیاتر وتی “ئەو ئەنجامە دەبێت کاریگەری ئەرێنی بەسەر یانەی دهۆکەوە هەبێت بۆ ئەوەی لە یاری داهاتوودا براوە بێت، دەبێت لەگەڵ یاریزانەکان کۆببینەوە و لە دۆڕانەکە بکۆڵینەوە”.

بەو ئەنجامە، کۆی خاڵەکانی یانەی سیروانی نوێ بووە 19 خاڵ، یانەی دهۆکیش بە 14 خاڵ لە کۆتاییەکانی ریزبەندی دایە و هەفتەی داهاتووش دەبێتە میوانی یانەی هەندرێن لە هەولێر کە لە پلەی سێیەمی خولەکە دایە.