بەفری پێویست نەباریوە
سێ ساڵە وەرزشی خلیسکانێی سەر بەفر لە پێنجوێن ئەنجام نەدراوە
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
ماوەی سێ ساڵە وەرزشی خلیسکانێی سەر بەفر لە پێنجوێن ئەنجام نەدراوە، هۆکارەکەشی نەبارینی بەفری پێویستە.
مامۆستا زانیار عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری یاریی خلیسکانێی سەر بەفر لە پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، پێنجوێن تاکە ناوچەی هەرێمی کوردستان بووە، کە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی ئەو وەرزشەی تێدا ئەنجام بدرێت و لە لایەن رێکخراوێکی ئیسپانییەوە یارییەکە هاتووەتە کوردستان و چەند مامۆستایەکیش لە پێنجوێن و رانیە چوونەتە ئیسپانیا و راهێنانیان وەرگرتووە.
وتیشی، ساڵانی پێشوو فێستیڤاڵی هەفتەی سپیان ئەنجامدراوە لە کاتی بارینی بەفردا، منداڵ و گەنجانیان فێر کردووە و خوێندکارانی زانکۆش پۆل پۆل سەردانیان کردوون بۆ ئەو وەرزشە، بەڵام ئەمە سێیەم ساڵە نەیانتوانیوە وەرزشەکە بکەن، چونکە بەفری پێویست نەباریوە.
ساڵانە پێویستی بە 50 سانتیم بەفر هەیە
باسی لەوەش کرد، ساڵانە 50 سانتیم بەفر پێویستە بۆ ئەنجامدانی یارییەکە و وەرزشەکەش جێگەی تایبەت بە خۆی بۆ تەرخان کراوە و ئەگەریش پارەی بۆ تەرخان بکرێت، ئەوا دەبێتە هۆی راکێشانی سەدان گەشتیار بۆ قەزاکە و بۆ کوردستانیش.
زانیار عەبدوڵا، وەرزشەکەی زیاتر ناساند بە 964 و ئەوەی خستەڕوو، لە ساڵی 2011وە ئەو وەرزشە لە پێنجوێن هەیە و رێکخراوێکی ئیسپانی بە ناوی تیگریس هێناویەتی و تا ساڵی 2022ش بێ وەستان وەرزشەکە ئەنجامدراوە.
بەپێی ئامارێکی کەشناسیی پێنجوێن ئەمساڵ تا ئێستا تەنیا 16 سانتیم بەفر باریوە و ساڵی رابردووش تەنیا حەوت سانتیم بەفر هەبووە، کە بە کۆی گشتی هەردوو ساڵەکە ناگاتە نیوەی پێویست، بۆ ئەنجامدانی وەرزشی خلیسکانێی سەر بەفر.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر