دیمەنەکان دەدوێن
شەوێک لە ژێر خێوەتی مامۆستایانی مانگرتوو
964+
دیلان محەمەد جەزا
لە کەشوهەوایەکى ساردى بنارى شاخى گۆیژە و لە بەردەم ئۆفێسى نەتەوە یەکگرتووەکان، مانگرتنى بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوامی هەیە.
نیوە شەوە و لە کاتێکدا زۆرینەى خەڵکى خەوتوون و شەقامەکان خامۆشن، تیمى 964 لە ژێر خێوەتى مانگرتن لەگەڵ ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانە دەمێنێنەوە.
چوار شەو و رۆژە ئەوان لەوێ مانیان لە خواردن گرتووە، شەکەتى و هیلاکى لە جەستەو رووخساریان بەدى دەکرێت، سەرماى بنارى گۆیژەش وەک موس خێوەتەکە دەبڕێت، بەم هەموو نارەحەتییەوە خەوتن لە ژێر خێوەتەکەدا کارێکى ئاسان نییە.
سروشت هاواری مامۆستای مانگرتو بە 964ـى وت،” ماوەی چوار رۆژە تەنیا نیو کاتژمێرە خەوتووم و چاوەڕوانی جێبەجێکردنى داواکارییەکانمانین”.
ئەوان چوار رۆژە لەوێن و دەیانەوێت حکومەت بە جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان، مانگرتنەکەیان پێ بشکێنن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح