سێیەم بردنەوەی لەسەریەك

هەولێر لە ناو بەغدا نەفتی سووتاند

ئەرسەلان عەبدوڵا

یانەی هەولێر بە دەستی بەتاڵ لە بەغدا نەگەڕایەوە و بردنەوەی سێیەمی لەسەریەكی تۆمار كرد و دوو گۆڵی لە نەفت تۆمار كرد.

ئەم ئێوارە لە یاریگەی ئەحمەد رازی لە بەغدا، لە گەڕی 17ی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر بردنەوەیەكی گرنگی تۆمار كرد و بە دوو  گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی نەفتی بردەوە.

یوسف بن سۆدە و گەیلان لوقمان گۆڵەكانی هەولێریان لە هەردوو گێمدا تۆمار كرد.

بەم بردنەوەیە هەولێر بۆ پلەی پێنجەمی ریزبەندی سەردەكەوێت بە 28 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە پێش دهۆك و جەوییە دەبێت.

ئەمە سێیەم بردنەوەی لەسەریەكی هەولێرە، دوای بردنەوەی لە یانەكانی كەرخ و كەربەلا

ئێستا هەولێر 28 خاڵی هەیە و یەكسانە لەگەڵ یانەكانی دهۆك و جەوییە، بەڵام هەولێر گۆڵی زیاتری تۆمار كردووە و ئەم وەرزە خاوەن دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبردنە.

یانەكەی قەڵاو و منارە ئاستێكی باشی پێشكەش كرد و ریتمی بەدەستهێنانی ئەنجامە باشەكانی لەدەست نەدا.

هەولێر دوای ئەم یارییە، خۆی بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر قوەی جەوییە ئامادە دەكات، كە لە گەڕی داهاتوو لە هەولێر بەڕێوەدەچێت