دیمەنی پاسەكە دوای رووداوەكە
بریندارێكی رووداوەكە قسە دەكات
964 وردەكاری زیاتر لە بارەی رووداوی پاسەكەی عومرەكارانی كورد لە سعودیە بڵاودەكاتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هێشتا وردەكاری و ئاماری رووداوە هاتوچۆكەی پاسێكی عومرەكارانی كورد لە سعودیە بە شێوەی جۆراوجۆر دەگەنە میدیای كوردستان، بریندارێكی رووداوەكەش هەندێك لە وردەكارییەكانی بۆ 964 باس كرد و ئاشكرای كرد، ئەو هاوڵاتییەی گیانی لەدەستداوە، لە پاسەكەوە پەڕیوە.
دوێنێ ئێوارە كاتژمێر 8:00 پاسێكی عومرەكارانی كورد لەگەڵ گەیشتنی بە خاكی سعودیە بۆ ئەنجامدانی عومرە، تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو.
رێباز مەحمود یەكێك لە سەرنشینەكانی ناو پاسەكەیە و بە سووكی بریندار بووە، ئەمڕۆ سێشەممە 28.1.2025 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە سعودیەوە بە 964ی وت، پاسەكەی ئێمە لەگەڵ گەڵابەیەك بەیەكیاندادا، بەهۆیەوە شۆفێری پاسەكە گیانی سپارد و شۆفێری گەڵابەكەش بە سەختی بریندار بوو.
وتیشی، “بەداخەوە كاك جوتیار، كە لەگەڵ ئێمەدا بوو، لە شوێنی پێكدادانەكە نزیك بوو، بۆیە لە پاسەكە پەڕی و گیانی سپارد، بەشێكی دیكەش بریندار بوون، كە 12 كەسێك دەبن، خۆم و دایكم و مامۆژنێكم بریندار بووین، سینگمان بەر كورسییەكان كەوت، بریندارەكانی دیكەش هەیانە دەستی شكاوە، قاچی شكاوە، سەری شكاوە”.
رێباز مەحمود وتی، ئێمە لە بەشی دواوەی پاسەكە بووین و بە وردی نازانین رووداوەكە چۆن بوو”.
ئەمە لە كاتێكدایە كاروان ستوونی وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان ئەمڕۆ بە 964ی وت، دۆخی بریندارەكان باشە و هەموویان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، تەرمی مردووەكەش دەگەڕێننەوە كوردستان.
پێش ئەو لێدوانەش، نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی كوردستان بە 964ی راگەیاندبوو، لە رووداوەكەدا دوو كەس لە عومرەكاران گیانیان لەدەستداوە و 12 دیكەش بریندارن، كە دووانیان باری تەندروستیان ناجێگیرە، هەروەها دوو كەسی دیكەش لە ئۆتۆمبێلەكەی دیكە گیانیان لەدەستداوە.
پاسەكەی عومرەكارانی كوردستان، ژمارەیان 47 كەس بوون و هاوڵاتیانی سلێمانی و چەمچەماڵن، رووداوەكەش لە ناوچەی ئەلحال لە نزیك خواردنگەی ئەبوشوان، كە شوێنێكی بەناوبانگە، روویداوە.