"مشتەری وەک برای لێیەت"
وەستا کاوە.. 46 ساڵ تەمەن لەگەڵ مقەست و شانە
رازاو محەمەد – سلێمانی
دەنگی مقەست و ئامێری سەرتاشی، بۆ کەسانێک تەنیا دەنگی کارە، بەڵام بۆ کاوە عەزیز، سەرتاشێکی دێرینی شاری سلێمانی، دەنگی نیو سەدەیە لە ژیانە.
کاوە عەزیز لە ساڵی 1966 لەدایک بووە و لە تەمەنی گەنجیدا حەز و خولیایەکی زۆری بۆ کاری سەرتاشی هەبوو، سەرەتا سەری خزم و کەسانی نزیکی خۆی دەتاشی و خۆی فێری كارەكە دەكرد، هەتا لە ساڵی 1980 دوکانێکی تایبەت بە خۆی دامەزراند.
کاوە عەزیز دەڵێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی کاری سەرتاشییەوە، هەندێک لەو مشتەریانەت سەرم بۆ تاشیون تا ئێستا بۆ چاککردنی سەریان بۆ لای ئەو دێن و موشتەری هەیە، لای ئەو نەبێت سەر ی چاك ناکات، رۆژ هەبووە 30 سەرم چاک کردووە.
بۆ کاوە، سەرتاشخانە تەنیا شوێنی چاککردنی سەر وریش نییە، شوێنێکە کە کەسانی جیاواز لەگەڵ یەکتر کۆدەبنەوە، قسە دەکەن و چیرۆکی ژیانی خۆیان دەگێڕنەوە، باس و خواسی رۆژانە دەگۆڕێت بە باسی ژیانی هاوڵاتیان، لە کار و ژیانەوە بگرە تا کێشە و رووداوەکانی کۆمەڵگا.
کاوە دەڵێت، سەرتاشخانەکان بەناوبانگن بەوەی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان سەرتاش و کڕیار دروست دەکەن، ئەو چیرۆکی ئەو کەسانەش دەگێڕێتەوە کە دوای چاککردنی سەریان، خۆیان لە ئاوێنەدا نەناسیوەتەوە، چونکە گۆڕانەکەیان ئەوەندە زۆر بووە کە رووخساری خۆیان بۆ ماوەیەک بۆیان نامۆ بووە.
نزیكەی نیو سەدەیە کاوە لە پشت ئەو کورسییە دەوەستێت نەک تەنیا سەر چاك دەكات، بەڵکو شاهیدی گۆڕانی نەوەکان و چیرۆکەکانی خەڵکی سلێمانیشە، کەسایەتییە سیاسی و هونەرییەکانی شاریش مشتەری دایمی ئەو بوون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا