ڤیدیۆ… له‌ قوتابخانەی گونده‌كان چالاکی بۆ منداڵان دەکه‌ن

964+
میلاد جەلال – کەلار

دڵخۆشکردنی منداڵانی گوندەکان کۆمەڵێک گەنجی گەرمیانی کۆکردووه‌تەوە و خۆبەخشانە دەچنە قوتابخانەی گوندە دوورەدەستەکان، بە کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆر دڵخۆشیان دەکەن، گەشتی ئەمجارەشیان لە قوتابخانەی گوندی زەماوەنگەی بنەڕەتییە لە سنووری قەزای کەلار، كه‌ تیمی تۆڕی 964 له‌گه‌ڵیاندا ئاماده‌بوو.

گەشتی هۆشیاریی منداڵانی لادێ، پرۆژەیەکی قازانجنەویستە، هەرجارەو دەچنە قوتابخانەی گوندێکی گەرمیان و چالاکی هونەری بۆ منداڵان رێک دەخەن.

کۆسرەت بورھان، سەرپەرشتیاری گرووپی ھۆشیاریی منداڵانە، بە تۆڕی964ی راگەیاند، گەشتی ھۆشیاریی منداڵان چالاکییەکی خۆبەخشییە، سەردانی گوندەکان دەکەن و چالاکی شانۆیی و نمایشکردنی کورتە ئەنیمەیشنی منداڵان، موزیک و گۆرانی بۆ منداڵانی قوتابخانەی گوندەکان ئەنجام دەدەن.

لە بارەی ئامانجی گرووپەکە، کۆسرەت وتی، “منداڵانی گوندەکان لەو جۆرە چالاکییانە بێبەشکراون، لە رێگەی کۆمەڵێک چالاکییەوە دڵخۆشیان دەکەن و چەند نامیلکەیەکی ھوشیاری پەروه‌ردەیی و ژینگەییان پێدەدەن”.

مه‌ریەم فەرھاد، کە یەکێکە لە ئەندامانی گرووپەکە، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەو دەرفەتانەی بۆ قوتابیانی ناو شارەکان دەڕەخسێت، بۆ گوندەکان نییە، بۆیە چالاکییەکانیان دەھێننە گوندەکان و منداڵان دڵخۆش دەکەن.

منداڵەکان بە دڵخۆشی و پێکەنینەوە وەستاون و تەماشای چالاکییەکان دەکەن، مامۆستا دانا ئەمجەد بە تۆڕی 964ی وت، ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر گرنگن بۆ منداڵانی گوندەکان، ھاوشانی پەروەردە و فێرکردن ئەم چالاکییانەش پێویستن و منداڵەکان زۆر دڵخۆش دەکات.

گرووپی ھۆشیاری منداڵانی لادێ، لە چوار کچ و سێ کوڕ پێکھاتوون، بە درێژایی وه‌رزی خوێندن لەسەر تێچووی خۆیان، سەردانی قوتابخانەکان دەکەن و چالاکی ھونەری ئەنجام دەدەن، لە کۆتایی چالاکییەکەشیاندا دیاری و گۆڤار و نامیلکەی ھۆشیاری بە منداڵان دەبەخشن.

کۆمەڵێک گەنجی گەرمیان خۆبەخشانە لە قوتابخانەی گوندە دوورەدەستەکان، چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن